داهاتی ناوخۆی کێشەی تێکەوت.. بزانە هەرێم داوای چی دەکات؟

KNN : Kurdish News Network
10:48 - 24/07/2025
کوردستان
+
-

لەدوای گەیشتنی پارەی مانگی پێنجی موچە خۆرانی هەرێم و بڵاوکردنەوەی خشتەی دابەشکردنی موچە لەلایەن  وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پرسیاری جدی هاوڵاتیان و موچە خۆرانی هەرێم ئەوەیە ئاخۆ کەی موچەی مانگەکانی شەش و حەوت دابەشدەکرێت.

 

 

بڕیار نامیق، پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن ئاشكرای دەکات چەندین لیژنە لە نێوان هەردو حکومەتی ناوەند و هەرێم پێکهێنراون و دەڵێت: تیمێکی حکومەتی هەرێم بە لیژنەیەکی حکومەتی ناوەندیان راگەیاندوە هەرێمی کوردستان توانای دابینکردنی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی نیە بەهۆی ئەوەی خەرجی ناوخۆی مانگانەی 160 ملیار دینارەو لەگەڵ ئەو 120 ملیار دینارەی رادەستی بەغدادی دەکات بۆی دابین ناکرێت، پەیامنێری کەی ئێن وتیشی لیژنەکەی هەرێم داوایان لە لیژنەکانی حکومەتی ناوەند کردوە خۆیان بێن بە مەیدانی بەدواداچون بکەن بۆ راستی و سەلماندنی ئەو داتایانە.

 

 

 

بەپێی زانیارییەکانی بڕیار نامیق، پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن، بڕیارە یەکشەممەی داهاتو وەفدێک لە حکومەتی ناوەندەوە بێنەو هەرێم بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکان چونکە خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ پەیوەستکراوە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی  هەرێمەوە کە بڕیارە تا ناوەراستی مانگی داهاتو دەستپێبکاتەوە.

 

 

وتیشی: رۆژی یەکشەممەی داهاتو وەفدێکی حکومەتی هەرێم دەچنەوە بەغداد و یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی موچەکانی مانگی شەش  و حەوت و لیستی موچەی مانگی حەوتیش لەگەڵ خۆیان دەبەن.

2951 جار خوێندراوەتەوە