دەزگای ئاسایشی سلێمانی: دوو تیرۆرستمان دەستگیرکرد کە پلانیان هەبوە تەقینەوە ئەنجام بدەن

KNN : Kurdish News Network
09:21 - 06/08/2025
کوردستان
+
-


دەزگای ئاسایشی هەرێم - سلێمانی، دەستگیرکردنی دوو تیرۆرستی ڕاگەیاند، کە پلانیان هەبوە لە یەکێک لە بنکەکانی بەرگری شارستانیدا  تەقینەوە ئەنجامبدەن و  دەرکەوتوە یەکێک لە تۆمەتبارەکان کارمەندی بەرگری شارستانییە.

هەواڵ:KNNC


ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، دوای بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، لەئەنجامی بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لەتۆڕەکۆمەڵاتییەکان لەبارەی هەڕەشەکردن و تەقینەوە توانیویانە دوو تیرۆرست دەستگیر بکەن.


ئەوەشیان خستوەتەڕو، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەشاری سلێمانی دەستبەجێ توانیویانە شوێنی تیرۆریستان لەشاری سلێمانی دەستنیشان بکەن و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیریان بکەن.

ئاماژەیان بەوەشداوە یەکێک لەو تۆمەتبارانەی دەستگیر کراوە  کارمەندی بنکەیەکی بەرگری شارستانی بوە و  دوای دانپێدانان دەرکەوتوە تیرۆریستان بەنیازبون لەپیلانی یەکەمدا ژەهر بکەنە ناو تانکی ئاوی خواردنەوەی یەکێک لە بنکەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی.

 لەپیلانی دوەمدا لەڕێگەی لکاندنی بۆمب بە ئۆتۆمبێلی بنکەکە تەقینەوە ئەنجام بدەن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەسەرکەوتویی توانیان شکست بە پیلانی تیرۆریستان بهێنن و دەستگیریان بکەن.

بە گوێرەی راگەیندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی لەئێستادا تیرۆریستان بەماددەی(2)تیرۆر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

350 جار خوێندراوەتەوە