دەستەی گومرگی عێراق، تەواوبونی لە ٪80ی سیستەمی چاودێریکردنی دەروازە سنورییەکانی ڕاگەیاند و دەڵێت، ئەو پڕۆژەیە بەشداری دەکات لە کەمکردنەوەی قاچاخچێتی و بەرزکردنەوەی داهاتی وڵات .
هەواڵ:KNNC
تامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگی عێراق ڕایگەیاند: 80%ی کارەکانی پڕۆژەی سیستەمی کۆنتڕۆڵ و چاودێرکردن لە سەرانسەری سەرجەم دەروازەسنورییەکان تەواو بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: سیستەمەکە بە نوێترین تەکنەلۆژیای چاودێری و شیکاری دیجیتاڵی دروستکراوە و تیمی تایبەتمەند بۆ وردبینی و چاودێری ئەلیکترۆنی پێکهێندراون، سیستەمێکی بەدواداچوونی گشتگیر بۆ جوڵەی کاڵا و مامەڵە گومرگییەکان و بەرزکردنەوەی شەفافیەت و کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی دەستتێوەردان داندراوە.
جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە ڕاستەوخۆ بەشداری دەکات لە بەرزکردنەوەی کارایی ئەدای دامەزراوەیی، بەرزکردنەوەی داهاتی گشتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی قاچاخچێتی و پێشێلکارییەکان.
86 جار خوێندراوەتەوە