باڵیۆزخانەى ئەمەریکا
لە عێراق ئاشکرایدەکات کە باڵیۆزخانەکەیان لە 21 و 22ـى ئەم مانگە دەستیان بە
کشانەوەى کارمەندەکانیان کردوە و هۆشداریش دەدەن لەوەى ئەگەرى هێرشکردنەسەر
کارمەند و هاوڵاتییانیان هەیە و داوا دەکەن خۆیان بپارێزن.
هەواڵ:KNNC
باڵیۆزخانەکە لە
راگەیەنراوێکدا دەڵێت: وەک بەشێک لە هەوڵەکانیان کە لە 12ـى ئەم مانگە دەستیان
پێکرد، دوێنێ و ئەمڕۆ کارمەندى زیاتریان عێراقى جێهێشتوە و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە
بەغدا و کۆنسوڵخانەی گشتی لە هەولێر بەشێوەیەکی کاتی هەمو خزمەتگوزارییە ئاساییەکانی
ڤیزەیان راگرتوە و تەنها خزمەتگوزاریی پێشکەش هاوڵاتییانى ئەمەریکى دەکەن.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە
کە ئەگەری زۆری توندوتیژی رێکخراوە بیانییەکان هەیە کە کارە بازرگانییەکانی ئەمەریکا
و ئەو شوێنانە بکەنە ئامانج کە هاوڵاتییانی ئەمەریکی زۆر سەردانیان دەکەن بۆیە داوا دەکەن کە هەمو هاووڵاتییانی ئەمەریکی لە عێراق خۆیان بەدوربگرن
لەو شوێنانەی بیانییەکان زۆر سەردانیان دەکەن و خۆیان لە هەر کۆبونەوە و قەرەباڵغییەکی
گەورە بپارێزن.
هەروەک هۆشداریش دەدەن بە هاوڵاتییانیان کە پێویستە
ئەمەریکییەکان بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق نەکەن.
63 جار خوێندراوەتەوە