کۆبونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆتایی هات و راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوا لە حکومەتی هەرێمیش دەکەن پەیوەستبێت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی داداگای فیدڕاڵییەوە.
هەواڵ: KNNC
لە راگەیەندراوی چوار سەرۆکایەتییەکەدا هاتوە؛ کۆبونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و ووپاتکردنەوەی پاڵپشتی خۆیان بۆ حکومەت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق ئەنجامدرا.
لە بارەی پرسی موچەشەوە کە یەکێک بوە لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە دەڵێن؛ ناردنی موچە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە و داواش لە حکومەتی هەرێم کرا بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات، بۆئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات.
هەروەها جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشيکانی دیکە کردوەتەوە و داوادەکەن لە ڕێگەی دەستورەوە چارەسەر بکرێن.
لە بەشیکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیان لە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەکی سەروەری و ئاسمانی عێراق یان بەکارهێنانی وەکو شوێنی هەڵدانی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ کردوەتەوە.
هەروەها ئیدانەی هێرشەکانی ئەمەریکایان کردوە بۆسەر ئێران و بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکە و یاسا نێودەوڵەتیەکانیان لەقەڵەمداوە.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن، بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ وەستاندنی شەڕەکە و ڕێگری لە فراوانبونی و لە بەرامبەردا پەنا ببرێت بۆ گفتوگۆ و کەمکردنەوەی توندوتیژی، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەرز بکاتەوە.
1320 جار خوێندراوەتەوە