ئەحمەد شەرع: هەرکەسێک لەپشت روداوى تەقینەوەکەى دیمەشقەوە بێت روبەڕوى سزا دەکرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
04:02 - 23/06/2025
جیهان
+
-

سەرۆک کۆمارى کاتیی سوریا بەڵێن دەدات هەرکەس دەستى لە روداوى تەقینەوەکەى کەنیسەى مار ئیلیاس هەبێت سزاى دادپەروەرانە وەردەگرێت و دەشڵێت: تەواوى هێزە ئەمنییەکان لەئەرکدان بۆ دۆزینەوەى هەمو ئەوانەى دەستیان لەو کارەدا هەبوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆمارى کاتیی سوریا یەکەم لێدوانى لەبارەى هێرشەکەى دوێنێی سەر کڵێساکەى دیمەشق بڵاوکردەوە و داوا لە هەمو هاوڵاتییانى سوریا دەکات کە روبەڕوى هەرکەسێک ببنەوە کە دەبێتە هۆى تێکدانى ئاسایشى سوریا.

 

شەرع ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە بەهەمو شێوەیەک ستەم و تاوانکاریی رەت دەکەنەوە و تەواوى دەزگا ئەمنییەکانیان لە ئەرکدان تا هەمو ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە بەشدارن لە تەقینەوەکەى رۆژى رابردوى دیمەشق و روبەڕوى یاسا و سزاى دادپەروەرانەیان دەکەنەوە.

 

دوێنێ یەکشەممە؛ نورەدین بابا، وەزیرى ناوخۆى سوریا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاند؛ بەپێی لێکدانەوە سەرەتاییەکان تەقینەوەکەى دوێنێی کەنیسەى مار ئیلیاس لە دیمەشق لەلایەن رێکخراوى داعشەوە ئەنجامدراوە.

 

کەنیسەى کار ئیلیاس دەکەوێتە گەڕەکى دویلعە لە دیمەشق و بە گەڕەکێکى مەسیحی نشین ناسراوە، ئەو تەقینەوەیەى دوێنێش لەو کەنیسەیە رویدا یەکەم روداوى تەقینەوەیە لەدواى روخانى رژێمى بەشار ئەسەد لەو وڵاتە تۆمار بکرێت.

142 جار خوێندراوەتەوە