لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانیان بۆسەر یەکتر،
ئێرانیش و ئیسرائیلیش بەردەوامن لەسەر ناردنى موشەک بۆ یەکترى، بەڵام بەپێی ئەو
زانیارییانەى میدیاکان بڵاویانکردوەتەو، ئێران خاوەنى چەندین جۆر موشەکى پێشکەوتوە
کە تا ئێستا لەم شەڕەدا بەکارى نەهێناوە.
موشەکەکان حەوت جۆرى سەرەکیی لە خۆ دەگرن کە
موشەکى پێشکەوتون و تواناى وێرانکاریی گەورەیان هەیە و تەکنیکى بەرزیان هەیە کە
ئەمانەن:
موشەکى کروزى خێرا
ئێران خاوەنى موشەکى کروزى پێشکەوتوە کە
خێراییەکى زۆرى هەیە و دەستنیشانکردنیشى لەلایەن سیستمى بەرگرییەوە ئەستەمە.
سیستمى خوڕەمشەهر- خەیبەر
موشەکى خەیبەر کە نوێترین وەشانى سیستمى خوڕەمشەهر،
یەکێکە لە موشەکە وێرانکەرەکانى ئێران و مەوداکەى دەکاتە دوو هەزار کیلۆمەتر و
ئەمەش تواناى دەداتێ ئامانجى زۆر دوریش بپێکێت.
موشەکى فەتاح-2 هایپەرسۆنیک
ئێران موشەکى فەتاح-2 وەک موشەکێکى سەرو دەنگ
ناودەبات، تواناى هەڵدانى لەناو بەرگەهەوادا هەیە و سیستمى بەرگرى تێکدەشکێنێت،
مەوداى هەڵدانى هەزار و 400 کیلۆمەترە و یەکێکە لە پێشکەوتوترین چەکەکانى ئێران.
موشەکى قاسم بالیستى
موشەکى قاسم بالیستى بە پێکانى وردى
ئامانجەکانى دەناسرێت، بە سوتەمەنیی رەق کاردەکات ئەمەش خێراترى دەکات لەکاتى
هەڵداندا و بە خێراتریش ئامانجەکانى دەپێکێت.
سیستمى دەریایی زولفەقار
موشەکى زولفەقار چەکێکى زەوى بۆ زەوییە، بۆ
هێرشکردنەسەر کەشتییەکان بەکاردێت و مەوداى هەڵدانەکەى لەنێوان 700 بۆ هەزار
کیلۆمەترە.
موشەکى سومارى دور مەودا
سیستمى موشەکى سومار بە یەکێک لە سیستمە
پێشکەوتوەکان دەناسرێت، مەوداکەى لەنێوان 700 بۆ دوو هەزار و 500 کیلۆمەتردایە،
دەتوانێت زۆر بەرز ببێتەوە بۆیە قورسە سیستمى بەرگرى بیپێکێت.
موشەکى رەعد
موشەکى رەعد مەوداى 500 کیلۆمەترى هەیە و بە سوتەمەنیی رەق کاردەکات،
بەمەش کێشى کەم و خێرایی زۆر دەبێت و بۆ هێرشە لەناکاوەکان بەکاردێت.
چەند سەرچاوەیەکى سەربازیی ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە کە ئێران ئەم
موشەکانەى بەکارنەهێناوە لە هێرشەکانیدا، وەک یەکێک لە ستراتیژییەکانى خۆى تا
دواتر وەک کارتى فشار دژى ئیسرائیل بەکاریان بهێنێت.
4142 جار خوێندراوەتەوە