وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت: میدیای كوردی دەتوانێت رۆڵی گرنگ لە
پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بنكەی بێلایەنی هەرێم بگێڕێت، هەردەزگایەکی
راگەیاندن هەواڵی بێبنەما بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ترس و تۆقاندن
بڵاوبكاتەوە، روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەكرێتەوە.
هەواڵ: (KNNC)
وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ
ناوچەكە بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، راگەیاندن ئامرازێكی كاریگەرە و میدیای
كوردی دەتوانێت رۆڵی گرنگ لە پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بنكەی بێلایەنانەی
هەرێمی كوردستان لە روداوەكانی ناوچەكەدا بگێڕێت.
ئەوەیخستوەتەڕو، لەم سۆنگەیەوە ئاگاداری سەرجەم كەناڵەكانی
راگەیاندن و پەیج و دەزگا میدیاییەكان دەكەنەوە؛ پێویستە رەچاوی ئاسایشی
كۆمەڵایەتی و باری دەرونیی خەڵك بكرێت و هیچ جۆرە هەواڵێكی بێسەرچاوە و نادروست،
دەربارەی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی بڵاونەكرێتەوە كە لایەنگریی
تێدابێت.
وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ
ئەوەشكردوە؛ هەمولایەك بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ روداو و پێشهاتەكان بكەن و هەمو
جۆرە هەواڵێك لەبارەی ئەمنییەتی كوردستان و زانیاری دەربارەی روداوەكان، تەنها لە
سەرچاوەی رەسمی وەردەگیرێت، هەر لایەن و دامەزراوەیەكی میدیایی و بەكارهێنەرانی
سۆشیال میدیا، هەواڵی بێبنەما بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ترس و تۆقاندن
بڵاوبكاتەوە، روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەكرێتەوە.
102 جار خوێندراوەتەوە