پێشەوا هەورامانی: لە کارەبای 24 کاتژمێریی داشکاندن بۆ خەڵک دەکەین

KNN : Kurdish News Network
02:02 - 14/05/2025
کوردستان
+
-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ تەواوی خەڵکی کوردستان لە پڕۆژەی روناکی سودمەند دەبن و ڕەچاوی دۆخ و گوزەرانی دارایی خەڵک کراوە، دەشڵێت: لە سێ مانگی یەکەمدا داشکاندن بۆ هاوڵاتیان دەکرێت.

هەواڵ:KNNC

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی ڕوناکی لە سەنتەری هەمو پارێزگاکان تەواو بێت، دواتریش بەرەو ناوچەکانی دیکە درێژ بێتەوە.

 

وتیشی: سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو بەشداربوانەی دەچنە ناو پرۆژەی ڕوناکییەوە، بەڕێژەی  (15٪ و 25٪ و 50٪) لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان خۆیان ڕابهێنن، هەروەها دەبێت بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنرێت.

 

لەبارەی پرسی موچەشەوە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: هیچ هۆکارێک نەبوە کە موچە دواخراوە، چونکە ئێمە 20 رۆژ پێش ئێستا و بە رێک و پێکی لیستی موچەمان رەوانەی بەغداد کردوە.

 

دوپاتی کردەوە کە لە بودجەی ساڵی 2026دا هەرێم داوای بودجەی خۆی دەکات چونکە لە بودجەی وەبەرهێنان چی بە ئێمە دراوە؟ هیچ، لە بودجەی سەروەری چی بە ئێمە دراوە؟ هیچ نەنێردراوە، هەروەها لە بودجەی 2023 ،2024، 2025، یەک ملیۆن کەس دامەزراوە یەک کەسیش لە پشکی هەرێمی کوردستان نەبوە.

 

پێشەوا هەورامانی، باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن کرد و ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکا دەکات.

 

بە گوتەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەک کۆبونەوە و دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دەبێت و دواتر وردەکاریی سەردانەکە ڕادەگەیەنن.

113 جار خوێندراوەتەوە