دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە
لە ڕیازی پایتەختی سعودیەوە هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سوریای ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوە
دوای ڕاوێژکردن بو لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە.
هەواڵ:KNNC
لە وتارەکەیدا ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە
ئامانجی بڕیارەکە ئەوەیە "دەرفەتێکی نوێ بە گەلی سوریا" بدرێت و گفتوگۆکان
لەسەر ئەو بابەتە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردایەتی سعودیە ئەنجامدراون، کە ڕۆڵێکی سەرەکییان
هەبووە لە گەیشتن بەم هەنگاوەدا.
هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا مانای چییە
و بۆچی سەرۆکی ئەمریکا بە "دەرفەتێکی نوێ"ی دەزانێت؟
لیرە و دۆلار
زۆربەی شرۆڤەکاران هاوڕان لەسەر ئەوەی کە
ئەم بڕیارە دەتوانێت سەرەتای سەردەمێکی نوێی ئابووری بێت بۆ سوریا کە ساڵانێکە بەهۆی
شەڕ و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە بەدەست قوڵبونەوەی قەیرانەکانەوە دەناڵێنێت.
بەگوێرەی چاودێریکردنی بازاڕی دراوی
ناوخۆیی، بەهای لیرەی سوری لە بازاڕەکاندا بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و
بەهاکەی نزیکەی لەسەدا ١٠ بەرزبووەتەوە، بۆ کڕین نزیکەی ٨٣٠٠ لیرەیە و بۆ فرۆشتنیش
بە ٨٧٠٠ لیرەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بوژانەوەی ئابووری
پێشبینی دەکرێت ئەم بڕیارە ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی
ڕیشەیی لە ئابوری سوریادا، بە کردنەوەی بازاڕەکان بەڕووی کەلوپەلی سەرەکی و
ئاسانکاری بۆ هاتنە ناوەوەی خۆراک و دەرمان.
هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم بڕیارە ببێتە
هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆبژێوی سوریا،
سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە بەردەم ئابوری سوریادا بەردەوامە.
کاریگەری دۆمینۆ
هەروەها ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دەتوانێت
"کاریگەری دۆمینۆ"یش دەستپێبکات، بە هەنگاوی هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا و
لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، کەشوهەوایەکی دۆستانەی وەبەرهێنان دروست دەکات.
چونکە ژینگەیەکی سەقامگیری وەبەرهێنان هۆکارێکی
سەرەکییە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ بازاڕی سوریا.
دەرفەتی ئاوەدانکردنەوە
هەڵگرتنی سزاکان دەتوانێت جوڵە بۆ پڕۆژەکانی
ئاوەدانکردنەوە بگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی ژێرخانی وێرانبوی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانە
و ڕێگاوبانەکان.
ڕەنگە ئەمە کرانەوەیەک بێت بۆ دەستپێکردنی
پڕۆژەی گەورە لە کەرتەکانی وزە و گەشتیاری و کشتوکاڵدا، کە دوای چەندین ساڵ لە وێرانکاری،
بناغەیەک بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی نوێ دابنرێت.
1958 جار خوێندراوەتەوە