پۆلیسی فەلوجە: ئەوەی شۆرت و جلی نەشیاو لەبەر بكات دەستگیر دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
07:08 - 13/05/2025
عێراق
+
-


 پۆلیسی شارەدێی فەلوجە  هەڵمەتێكی نامۆیان راگەیاندوە، بەبیانوی لەبەرکردنی جلی نەشیاو کە مەبەستیان (شۆرت و جلی نیمچە ڕوت)ە، دەستیانكردوە بەگرتنی گەنج و مێرمنداڵی شارۆچكەكە و دەڵێن؛ ئەوەی ئەوان دەیکەن دژی دابونەریتی عەشایەرییە و هۆکارە بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی.

هەواڵ: KNNC


پۆلیسی فەلوجە لەبارەی هەڵمەتەکەوە ئاماژەیان بەوەداوە؛ هەڵمەتەكە بۆ ئەوانەیە شۆرت و جلی نیمچەڕوت لەبەر دەكەن، ئەوە لەگەڵ كولتوری عەشایەریی ناوچەكە گونجاو نییە و رێگە بە كەس نادەین لەمەودوا ئەو كارە بكات.

گەرچی لە روی یاساییەوە ئەم کارەی پۆلیسی شارەدێیەکە یاسایی نیە، بەڵام ئەوان دەڵێن؛ بەمەبەستی پاراستنی كولتووری عەشایەریی ناوچەكەیان  ئەو هەڵمەتە ئەنجامدەدەن و ئەو جلوبەرگەی ئێستای گەنجەكانیان، شیرازەی كۆمەڵایەتی لە ناوچەکەیاندا دەشێوێنێت.

هەڵمەتەكە ماوەیەکەی دەستی پێکردوە و پۆلیسی فەلوجەش ئەوەیانخستوەتەڕو کە گەنجێكی زۆریان گرتوە و بە پڕکردنەوەی بەڵێننامە و لەبەر نەکردنەوەی ئەو جلە نەشیاوانە ئازاد کراون، جەختیشیان کردوەتەوە؛ هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت تا لەبەرکردنی ئەو جلوبەرگە نەشیاوە لە ناوچەكەیاندا بنبڕدەکەن و کۆتایی پێدەهێنن.

1049 جار خوێندراوەتەوە