د.فازڵ نەبی: هەفتەی داهاتو بەغداد پارەی موچە دەنێرێت بۆ هەرێم

KNN : Kurdish News Network
09:42 - 08/05/2025
کوردستان
+
-

 

بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای دەکات؛ هەفتەی داهاتو بەغداد پارەی موچە دەنێرێت و ڕاست نییە کە دەڵێن کێشەی نەختینەی هەیە، ئاماژەی بەوەشکردوە کە تەیف سامی نیازی هەیە داهاتی ناوخۆی هەرێم لەو پارەیە ببڕێت، لە بارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدادیشەوە وتویەتی؛ ڕێککەوتنەکانیان کۆنکرێتی نییە و شەفەوییە.

هەواڵ:KNNC

د.فازڵ نەبی،  بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژەڤی کەی ئێن ئێن، ڕایگەیاند؛ بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بەبیانوی هیچ گرفتێك  بەغداد ناتوانێت موچەی فەرمانبەران ڕابگرێت، نەناردنی موچەش وەزیری دارایی عێراق لێی بەرپرسە نەک سودانی.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئاخۆ بەغداد بۆ موچە نانێرێت و دوای دەخات، د.فازڵ نەبی ئاماژە بەوەدەکات کە ڕێككەوتنەكانی هەرێم و بەغداد شەفەییە و میكانیزمی جێبەجێ كردنی تێدانییە، بۆ چارەسەرکردنی نەناردنی موچەش لەلایەن بەغدادەوە دەبێت هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار بكات كە هیچ گرفتێك نەبێتە ڕێگر لەبەردەم خەرج نەكردنی موچە.

لەبارەی چارەنوسی موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە کە لە ئێستادا زیاتر لە 40 رۆژە موچەیان وەرنەگرتوە،  ناوبراوە ئەوەی خستوەتەڕو، لای خۆیەوە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی خەرج كردنی موچەی هەرێمیداوە، بەڵام تەیف سامی ڕایگرت و دەیەوێت داهاتی ناوخۆی هەرێم لە موچە ببڕێت.

دەشڵێت؛ ئەگەر بەرپرسانی هەرێم کارێک نەکەن بۆ ئەو پرسە ئەوا  تەیف سامی داهاتی ناوخۆی هەرێم لەو پارەیە دەبڕێت و بۆ ئەم مانگە 700 بۆ 750 ملیار دینار دەنێرێت، ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی موچە پێویستی بە زیاتر لە 950  ملیار دینارە.

لەبارەی بونی دەنگۆی گرفی نەختینە لە عێراقدا، بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ راست نییە و  تا ئەو کاتەی عێراق نەوت لەسەرو 55 دۆلاروە بفرۆشێت گرفتی موچە و کەمی نەختینەی  بۆ دروست نابێت.

 

2630 جار خوێندراوەتەوە