پەکەکە رایگەیاند كۆنگرەی (12)ـەمییان بەستوە و لە
كاتێكی نزیكدا ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکاتەوە و ئەندامێکی شاندی ئیمرالیی
دەم پارتییش زانیاری لەبارەی کۆنگرەکە و عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بۆ
ئاژانسی میزۆپۆتامییا ئاشکرا کردوە.
هەواڵ:KNNC
دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی پارتی كرێكارانی كوردستان
رایگەیاند لە رۆژانی 5 بۆ 7ی ئەم مانگەدا کۆنگرەی 12ی حزبەکەیان بەسەرکەوتوی
بەستوە، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی رایگەیاند؛ دەزانین
هەموان لە چاوەڕوانی بەستنی کۆنگرەی پەکەکەدا بون و ئەم کۆنگرەیە پێویستییەک بو بۆ هێنانە ئارای
دیموکراسی و بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا.
ناوبرا قسەی بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامییا کردوە و لەبارەی
بەشداریکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانیشەوە ئەوەی خستوەتەڕو؛ بە ئەگەری زۆرەوە ئۆجەلان بە
شێوەی تەکنیکی بەشداری کۆنگرەکە بوە.
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەشکردوە زانیاری
زیاتر بڵاوناکەنەوە لەبارەی کۆنگرەکەوە، تا بە تەواوەتی دڵنیانەبنەوە لە سەرکەوتنی
پڕۆسەکە و دەبێت بە ئاگادارییەوە قسەبکەن تا زیان بە پڕۆسەکە نەگەیەنن.
ئەوەشی ئاشکراکردوە
سەرۆکی ئاکپارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبارەی کۆنگرەی 12 پەکەکەوە بەم نزیکانە لێدوانی دەبێت.
ئەمە لەکاتێكدایە ئەمڕۆ هەینی میدیای پەكەكە رایگەیاند: لە رۆژانی
(5 بۆ 7ـی ئایاری 2025) لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا (هەرێمی كوردستان)
بەشێوەیەكی سەركەوتوانە كۆنگرەی (12)ـەمی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)ـیان بەستوە.
ئەوەشیخستوەتەڕو، ئەنجامەکانی کۆنگرەی (12)ـەمین و
بڕیارە وەرگیراوەکان و بەڵگە و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە کۆنگرەکە لە کاتێکی
نزیکدا بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکرێنەوە.
1625 جار خوێندراوەتەوە