پاکستان و هندستان چییان لەیەکتر دەوێت؟

KNN : Kurdish News Network
01:41 - 07/05/2025
ڕاپۆرت
+
-

ماوەی چەند رۆژێکە گرژی و ئالۆزییەکانی نێوان دوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی پەرەی سەندوە، لە نوێترین پێشهاتیشدا پاکستان خستنەخوارەوەی سێ فڕۆکەی رافاڵی هندی راگەیاند، لەبەرامبەردا هندستان هێرشیکردسەر پاکستان و بەشێک لە کشمیر کە لەژێر دەسەڵاتتی ئیسلام ئاباددایە، ئەمەش بە خراپترین شەڕی نێوان ئەو دوو دوژمنە دێرینە دادەنرێت لەماوەی 20 ساڵی رابردو.

 

راپۆرت:KNNC

 

ململانێکانی نێوان هندستان و پاکستان، بە یەکێک لە ململانێ هەرە ئاڵۆز و درێژەکانی جیهان دادەنرێت،هەروەها گرژییەکان بۆ هەرێمی کشمیر دەگەڕێتەوە کە هەریەکەیان خۆیان بە خاوەنی خاکەکەی دەزانن.

 

مێژوی ململانێکان

 

ناکۆکی نێوان هندستان و پاکستان دوای کشانەوەی بەریتانیا لە باشوری ئاسیا لە ساڵی 1947 دەستیپێکرد و دواتر رێکەوتنی دابەشکردنی کیشوەری هندستان بۆ پاکستانێکی زۆرینە موسڵمان و هندستانێکی زۆرینیە هیندۆسی دەستیپێکرد.

حاکمی هیندۆسی کشمیر، مەهاراجا هاری سینگ، پێی وابو کە دەتوانێت سەربەخۆیی کشمیر بپارێزێت بە دواخستنی بڕیاری پەیوەستبون یان مانەوە.

 

زنجیرەیەک ڕووداوی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانە ڕاپەڕینی موسڵمانان لەسەر سنوری ڕۆژئاوا و دەستێوەردانی هۆزەکانی پشتون، کە مەهاراجای ناچار کرد لە ئۆکتۆبەری 1947 "بەڵگەنامەی پەیوەستبون" بە یەکێتی هیندستانەوە واژۆ بکات، بەمەش بەشێک لە کشمیر کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هیندستانەوە.

 

ئەم واژۆکردنە خاڵی دەستپێکی دەستێوەردانی پاکستان بو کە ناوچەکەی بە درێژکراوەی سروشتی خاکی خۆی زانی، لە کاتێکدا هیندستان هەوڵی چەسپاندنی پەیوەستبونی کشمیر بە خاکی خۆیەوە دەدا، دواتر هەڵگیرسانی زنجیرەیەک شەڕ و ڕووداوی لێکەوتەوە.

 

هندستان و پاکستان، تا ئێستا لەسەر خاکی کشمیر چەند جارێک شەڕیان کردوە بەدیاریکراویش لە ساڵانی 1947 و 1965 و 1999 زۆرجار هەردو دەوڵەت لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی سەهۆڵبەندی سیاچن شەڕیان کردوە.

هندستان دەڵێت: جامو و کشمیر خاکی خۆیەتی و لەساڵی 2010ـەوە نزیکەی 43%ـی ناوچەکەی بەڕێوەبردوە و جامو و دۆڵی کشمیر و لاداخ و سەهۆڵبەندی سیاچینی کۆنترۆڵکردوە، پاکستانیش نزیکەی  37%ی جامو و کشمیر، گیلگیت-بالتیستانی لەژێر دەسەڵاتدایە.

 

 

ڕوبەر و دانیشتوان

 

روبەری هەرێمی کشمیر 242.000 کیلۆمەتر دوجایە و نزیکەی 13 ملیۆن و 65 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن، هند، سیکەکان، بودیزم و مەسیحەکان لە پێکهاتە سەرەکییەکانی هەرێمەکەن.

 

 

سەرەتای دروستبونی ناکۆییەکانی 2025

 

 

لە 22ـی نیسانی 2025ـدا، هێرشێکی چەکداری کرایەسەر هەرێمی کشمیر، پێشتر هێرشی لەو شێوەیە ئەنجامنەدراوە، تێیدا 26 گەشتیاری هندی کوژران و چەند گەشتیارێکی دیکەش برینداربون، بەرەی موقاومەی سەر بە گروپی سوپای (تیبە) لەناوچەی بەهلگام، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.

 

ئەوەی مەترسییەکانی شەڕی نێوان پاکستان و هیندستانی گەورەتر کردوە ئەوەیە، هەردو وڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمین، سەرباری ئەوەش توانایەکی زۆر باش و پێشکەوتوی سەربازییان هەیە، هەردوو وڵاتیش ساڵی 1998 بونەتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

 

دوای دو هەفتە لە هێرشەکەی پەهالگام، سوپای هندستان، هێزی دەریایی و ئاسمانی، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، بەکارهێنا و هێرشی وردی موشەکییان کردەسەر نۆ ئامانج لە پاکستان و کشمیر کەلەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت، لەدوای 30 ساڵ ئەمە یەکەمجارە هەر سێ هێزی بەرگری هیندستان پێکەوە دژی پاکستان بەکاردەهێنرێن.

 

 

زیانەکان چین؟

 

 

سوپای پاکستان رایگەیاند، هێرشەکانی هیندستان زیانیان بە بەنداوێکی کارەبای ئاوی پاکستان لە کشمیر گەیاندوە، ئەمەش دوای هێرشەکانی سەر خاکی پاکستان کە لانیکەم 26 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.

 

بەرپرسێکی هندستان ڕایگەیاند، بەهۆی تۆپبارانەکانی پاکستان بۆ سەر بەشی هندستانی کشمیر، (7) کەس کوژراون و (35) کەسیش برینداربون.


وتیشی: سێ فڕۆکەی جەنگی هندی بە هۆکارێکی نادیار لە سەر خاکی هندستان کەوتونەتە خوارەوە.

 

شارەزایانی سەربازی ئاماژەیان بەوە کردوە، جێگیرکردنی فڕۆکەی ڕافال کە بەهێزترین چەکی سەربازی هندستانە، وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ بەرزکردنەوەی باڵادەستی ئاسمانی لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.

 

سوپای پاکستان، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند کە پێنج فڕۆکەی هندستانیان خستوەتە خوارەوە کە سێ فڕۆکەی ڕافالی فەرەنسی بون.

 

سەرەڕای ئەم لێدوانانە، حکومەتی هندستان هیچ لێدوانێکی فەرمی بڵاونەکردوەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی زیاترکردوە و وەک گەورەترین زیانی سەربازی هندستان سەیردەکرێت.

هیندستان خاوەنی 513 فڕۆکەی شەڕە، کە بریتین لە فڕۆکەی جۆری SU-30ی ڕوسی و ڕافالی فەرەنسی.

 

لە هەنگاوێکدا بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی، هندستان لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردودا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای داسۆلت ئەڤیەیشنی فەرەنسی واژۆکرد بۆ کڕینی 26 فڕۆکەی دیکەی ڕافال بە بەهای 7.4 ملیار دۆلار بۆ هێزی دەریایی هیندستان.

 

ئۆپەراسیۆنی سندور چییە؟

 

هندستان ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سندور، ئەمڕۆ چوارشەممە نۆ شوێنی پاکستانی کردوەتە ئامانج کە "ژێرخانی تیرۆریستی"یان هەبوە و لەوێوە هێرش بۆ سەر هیندستان پلانی بۆ دانراوە.

 

سیندور ناوی ئەو تۆزە سورەیە کە ژنانی هیندۆسی هاوسەرگیریان کردوە وەک نیشانەی هاوسەرگیری بەکاریدەهێنن و پێدەچێت و ئاماژەیەکە ئەو 26 ژنەی لە هێرشێکی ساڵی 2015ـدا هاوسەرەکانیان کوژران.

 

توانا سەربازییەکانی هندستان

 

-چوارەم بەهێزترین سوپای جیهانە
-1.455.000 سەربازی چالاک
-1.155.000 سەربازی یەدەگ
-4201 تانکی سەربازی
-3975 تۆپهاوێژ
-148549 زرێپۆش
-1399 فرۆکەی سەربازی
- 513 فڕۆکەی شەڕکەر
- 80 هێلیکۆپتەری ‌هێرشبەر
-ئامێر و چەکی دەریایی 293
- 2 کەشتی فڕۆکەهەڵگر
- 18 ژێردەریایی
- 180 چەکی ئەتۆمی


توانا سەربازییەکانی پاکستان

-12ـهەم بەهێزترین سوپای جیهانە
-645.000 سەربازی چالاک
-550.000 سەربازی یەدەگ
-2627 تانکی سەربازی
-2629 تۆپهاوێژ
-17.516 زرێپۆش
-1399 فرۆکەی سەربازی
- 328 فڕۆکەی شەڕکەر
- 57 هێلیکۆپتەری ‌هێرشبەر
-ئامێر و چەکی دەریایی 121
- 8 ژێردەریایی
- 170 چەکی ئەتۆمی

509 جار خوێندراوەتەوە