لەنێو ئاڵۆزییەکانى
رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەگەرى سەرهەڵدانى شەڕێکى درێژ، سەرۆکى ئەمەریکا توانى لەڕێی
ئاگربەستەوە گرژییەکانى نێوان ئێران و ئیسرائیل خاو بکاتەوە، ئەویش دواى 12 رۆژى بەردەوام لە هێرش و هەڕەشەکانیان بۆسەر
یەکتر.
لەنێو ئاگرى شەڕدا هەواڵى
ئاگربەست لە کۆشکى سپییەوە هەمو جیهانى توشى شۆک کرد، لەگەڵیدا فشارى دیپلۆماسیی
لە واشنتۆنەوە بۆسەر تەلئەبیب دەستى پێکرد، ئەمەش بوەهۆى پاشەکشەى ئەو وڵاتە لە
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى بۆسەر ئێران.
ترەمپ فشارى کرد و
نەتەنیاهۆش پاشەکشە:
بەپێی هەواڵێکى پێگەى
(ئەکسیۆس)ـى ئەمەریکى، دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمەریکا بەشێوەیەکى تایبەت پەیوەندیی
بە بنیامین نەتەنیاهۆى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلەوە کردوە، داواى لێکردوە هێرشەکانى
بەهەمو شێوەیەک بۆسەر ئێران رابگرێت، لەگەڵ ئەوەى نەتەنیاهۆ بەرهەڵستى کردوە،
بەڵام لەکۆتاییدا بە ئاگربەست رازى بوە و فەرمانى بە راگرتنى هێرشەکان کردوە.
سەرچاوەیەک لە کۆشکى
سپى جەختى کردوەتەوە کە ترەمپ زۆر توڕە بوە لە نەتەنیاهۆ و بە زمانێکى زۆر زبر
قسەى لەگەڵ کردوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئەنجامى ئاگربەستەکە هەبوە، نەک تەنها
لەبەر ئارامکردنەوەى دۆخى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵکو بۆ جوانترکردنى وێنەى
نەتەنیاهۆ بەتایبەت لەگەڵ نزیکبونەوەى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیی لە ئیسرائیل.
شیکەرەوەکان: ترەمپ
ئاگربەستەکەى لەدەستى فڕۆکەکانى ئیسرائیل رزگار کرد
شیکەرەوە سیاسییەکان
باس لەوە دەکەن کە ترەمپ ئاگربەستى وەک پرسێکى کەسیی چارەسەر کرد، بەجۆرێک
سەرکەوتنەکەى بە شتێکى کەسیی و ناو و راستگۆیی خۆیەوە بەستەوە.
ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن
کە ئیسرائیل فڕۆکەکانیان بەڕێوەبون بۆ هێرش، بەڵام ئەو بە تویتێک وتى:" دەبێت
ئەم فڕۆکانە هەر ئێستا بگەڕێنەوە.
ئەوە خراوەتەڕو کە
ترەمپ نایەوێت شەڕێکى نوێ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەرهەڵبدات، بەڵام لە هەمان کاتدا
دەیویست کێشەى ئەتۆم لە ناوچەکە بە بەرژەوەندیی خۆى ببەستێتەوە لەڕێی فشارى
سەربازییەوە.
سوپاى ئیسرائیل:
شەڕەکە کۆتایی نەهاتوە
لەگەڵ ئەوەى ئاگربەستیش
راگەیەنراوە، سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند؛ شەڕ لەگەڵ ئێران کۆتایی
نەهاتوە و ئیسرائیل چوەتە قۆناغێکى نوێوە، مەبەستى هێرشى وەڵامدانەوەیە، ئەمەش
جێبەجێکردنى ستراتیژیی شەڕى ناو شەڕە، بەشێوەیەک هێرشى کەم و ئامانجى ستراتیژیی
دەپێکرێت.
کێ براوە بوە؟
ئیسرائیل باس لە پێکانى 90%ـى ئامانجەکانى دەکات
شارەزایەکى بوارى
سەربازیی ئیسرائیلى دەڵێت: ئیسرائیل 90% بۆ 95%ـى ئامانجەکانى پێکاوە، دەشڵێت:
هەڵمەتى خۆتاییمان هەیبەتى بۆ ئیسرائیل گەڕاندەوە، بەڵام تا ئێستاش ئەرکەکە کۆتایی
نەهاتوە و بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنى بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران و پشتیوانیکردنى
ئێرانیش لە گروپە چەکدارەکان.
ئاگربەستەکە ناسکە...
بۆشاییەکەش ترسناک
ئەوەى جێگەى سەرنجە،
ئەم ئاگربەستەى لەنێون ئێران و ئیسرائیل هەیە، بە هیچ رێککەوتنێکى فەرمیی واژۆ
نەکراوە، ئەمەش وادەکات شکاندنى لە هەر چرکەیەکدا ئەگەرى رودانى هەبێت، بەتایبەت دواى
لێدوانە گرژەکانى نێوان فەرماندە سەربازییەکانى هەردولا.
بەشێک لە چاودێران
دەڵێن: ئەم ئاگربەستە زیاتر لە "پشوى جەنگاوەر" دەچێت و پێناچێت لە
بنەڕەت و رەگ و ریشەوە کێشەکانى چارە بکرێت و ئەگەر هەیە لە هەر چرکەیەکدا بێت
گرژییەکان سەرهەڵبدەنەوە.
کێ براوەى
راستەقینەیە؟
ئایا ئیسرائیل
بەشێوەیەکى کاتى بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێراندا سەرکەوتوە؟ ئایا ترەمپ توانى
ناوچەکە لە شەڕێکى بەرفراوان رزگار بکات؟ ئایا ئێران توانى دەست بە بەرنامە سیاسییەکەیەوە
بگرێت سەربارى فشارە زۆرەکان.
وەڵامەکە رونە، هیچ
براوەیەک لەم شەڕەدا بونى نییە، بەڵکو ئەوەى هەیە هاوسەنگییەکى نائارامە و براوە
کاتییەکەش ناوى "بۆشایی سیاسیی"یە.
بۆشایی و پوچى
رێککەوتنەکان و نەبونى گەرەنتى و پێشبڕکێی چەک، هەمویان پێداویستى ئەو شانۆیەن کە
لە هەر چرکەیەکدا بێت ئەگەرى دەستپێکردنى هەیە، تەنها رێککەوتنێکى فەرمی لەژێر
چاودێرى نێودەوڵەتیدا دەتوانێت بەیەکجاریی دۆخەکە رزگار بکات.
شیکاریی:سکاى نیوز
عەرەبى
وەرگێڕانى: باڵا ئاکۆ
184 جار خوێندراوەتەوە