ئەمڕۆ سێهەمین ساڵیادی هەینی خوێناویە لە زاهیدان

KNN : Kurdish News Network
11:39 - 30/09/2025
ڕاپۆرت
+
-



سێ ساڵ پێش ئێستا و لە سەروبەندی ناڕەزایەتییەکانی "ژن ، ژیان ئازادی"ـدا، کە سەرتاپای ئێرانی گرتبوەوە، شاری زاهیدان رۆژێکی  مێژوی پڕ لە خوێناوی بەڕێکرد، کە بەوتەی بەلوچییەکان لەبیرکردنی ئەستەمە، بەهۆی ناڕەزایەتیی هاوڵاتیانەوە لە دوای نوێژی هەینی، بە دەستڕێژی گوللـەی هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە 100  هاوڵاتی کوژران و بە دەیان هاوڵاتی تریش بریندار بون و ناویان نا هەینی خوێنین  یاخود هەینی ڕەش.

ڕاپۆرت: KNNC

ئەمڕۆ سێشەممە، لە ئێران سێهەمین ساڵیادی "هەینی خوێناوی زاهیدان"ە،  ڕۆژێک کە بوە یەکێک لە خوێناویترین ڕوداوەکانی مێژوی بەلوچستان،  ئەو ڕۆژەی کە هاوڵاتییە  بەلوچەکانی ئێران  دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە بەردەم هۆڵی نوێژی زاهیدان کرانە ئامانجی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و  لە ماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا زیاتر لە سەد کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش بریندار بون.


هەینی خوێنین بوە بە ڕوداوێکی مێژویی


ڕوداوەکە نەک لە ئێران، لە جیهانیشدا دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی  "ژن، ژیان، ئازادی"دا بونە سومبولێک دژی حکومەتی ئێستای ئێران

لای خۆیەوە هیومان ڕایتس وۆچ ئەم ڕۆژەی بە "کوشندەترین و خوێناویترین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان" ناوبرد،  ئەو ڕێکخراوە چەندین جار هۆشداری داوە کە نەک هەر بەدواداچونێکی سەربەخۆ بۆ ڕونکردنەوەی ڕاستییەکان ئەنجام نەدراوە، بەڵکو دەسەڵاتدارانی  ئێران بە دەرکردنی حوکمی سوک بۆ تاوانباران و درێژەدان بە پارێزبەندیی دەسەڵات بە شێوەیەکی کاریگەر ” گاڵتەیان بە دادپەروەری کردوە”.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕیکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ، دادگاکان تەنها سزای سوکیان دەرکردوە بۆ تەقەکەرەکان، وەک دە ساڵ زیندانی، بۆ هەندێک لە ئەنجامدەرانی ڕاستەوخۆی کۆمەڵکوژییەکە؛ ڕستەیەک کە بە گوتەی بنەماڵەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، "گاڵتەکردن بوو بە دادپەروەری و گاڵتەکردن بە خوێنڕشتن."

وەک هاوڵاتییانی بەڵوچستان خۆیان دەڵێن؛ ئەم برینە قوڵە نەک هەر برینێکە بۆ بەلوچستان، بەڵکو برینێکە لەسەر ویژدانی هەمو کۆمەڵگەی ئێران؛ برینێک کە تەنها بە دۆزینەوەی ڕاستی سەربەخۆ و دادگاییکردنی تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە ساڕێژ دەبێت.

ڕوداوەکە چۆن ڕویدا؟


سێ ڕۆژ پێش ڕووداوی هەینی خوێناوی زاهیدان، مەولاوی فەتحی نەقشبەندی"، ئیمامی نوێژی هەینی سوننەی شاری ڕاسک، بۆ یەکەمجار لە ڕاگەیەندراوێکدا "دەستدرێژیی فەرماندەی پێشوی پۆلیسی چابەهار بۆ سەر کچێکی هەرزەکاری بەلووچ"ی ئاشکرا کرد.

نزیکەی هەفتەیەک پێش ئەوە، مەولاوی عەبدولحەمید ئیسماعیلزای، ئیمامی مزگەوتی مەککی لە زاهیدان، کە گەورەترین مزگەوتی سونی ئێرانە، بێدەنگی خۆی لە کاتی نوێژی هەینیدا بە "مانا" وەسف کرد بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ باسی بکات و هۆشداریشی دا لە پێویستی بەدواداچون لەلایەن دەسەڵاتەوە.

دوای گوێنەدانی دەسەڵات بە ڕوداوەکە، رۆژی هەینی و لە 30ی 9ی ساڵی 2022، کە لوتکەی ناڕەزایەتییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” تەواوی ئێرانی گرتبوەوە بەهۆی  کوشتنی کچە کوردێک بەناوی مەهسا ئەمینی، هەروەها ڕوداوی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن 15 ساڵی بەلوچ لەلایەن فەرماندەی پۆلیسی چابەهارەوە، خۆپیشاندانێک لە زاهیدان بەڕێوەچو، دوای نوێژی هەینی، کۆمەڵێک نوێژخوێن بەرەو بنکەی پۆلیسی16 زاهیدانی  ڕێپێوانیان کرد و لەوێ گردبونەوە و دروشمی دژە حکومەتیان بەرزکردەوە.

بەشێک لە خۆپیشاندەرانی توڕەبون و بنکەی پۆلیسیان بەردباران کرد، بەڵام ئەفسەرانی هێزی تایبەت کە پێشتر لەناو بنکەی پۆلیس جێگیر بون، بە گولـلە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، ژمارەیەکیش ئەفسەر کە بە جلوبەرگی ئاساییەوە پیشتر جێگیرکرابون لەسەر لوتکەی باڵەخانەکانی دەوروبەری هۆڵی نوێژی زاهیدان، دەستیان کرد بە تەقەکردن لە نوێژخوێنان و لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا خەڵکێکی زۆر کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بون.

بە گوتەی چالاکوانانی مەدەنی و شایەتحاڵان، لەو ڕۆژەدا لانیکەم سێ جار تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە. یەکەمجار دوای مەراسیمی نوێژکردن بو، کاتێک خۆپیشاندەران لە شەقامی بەردەم بنکەی پۆلیس کۆبونەوە، کە ئەوان ئەو دامەزراوەکەیان بە بەرپرسیار دەزانی لە دەستدرێژیکردنە سەر کچە هەرزەکارەکەی بەلوچ.

جاری دوەمیش دوای چەند خولەکێک بو کە خۆپیشاندەران بە بینینی تەرمی خوێن تەڕ لە مزگەوتی مەکی و شەقامەکە، چونەتەوە بنکەی پۆلیسی 16 و دروشمیان دەوتەوە، دوبارە ئەفسەرە چەکدارەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.

هەروەها بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکرانەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لە جاری سێیەمدا بۆ بڵاوەپێکردنیان ئەفسەرانی سوپای پاسداران لە شەقامەکانی زاهیدان بەدوای خۆپیشاندەران دەکەوتن تەقەیان لێدەکردن.

چالاکوانانی بەلوچ دەڵێن؛ لەو ڕۆژەدا زیاتر لە سەد کەس کوژراون، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران ڕێژەیەکی کەمتری فەرمییان پێشکەش کردوە، ئیتر  ئەو ڕوداوە بە “هەینی خوێناوی زاهیدان” ناسراو هەمو ساڵێک لە سیستان و بەلوچستان یادی دەکرێتەوە.

چارەنوسی ئەوانەی تەقەیان کردوە


ئەمڕۆ لە سێهەمین ساڵیادی هەینی خوێناویدا هاوڵاتییانی بەلوچ بە یادکردنەوەی قوربانییەکان و دانانی گوڵ لە شوێنی نوێژی زاهیدان، جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەنەوە کە هێشتا دادپەروەری ڕاستەقینە بەدی نەهاتوە.


دوای تێپەربونی سێ ساڵ بەسەر ڕوداوەکەدا، تا ئێستاش کەسوکاری قوربانییەکان بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێن. بەڵام وەک خۆیان دەڵێن؛ لەبری ئەوەی بکوژەکان دادگایی بکرێن، وەڵامی حکومەت لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی بەلوچ و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی قوربانییەکان و دەرکردنی سزای قورس بۆ خۆپیشاندەران هیچی تر نەبوە.

ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر ئەو روداوەدا تێپەردەبێت، جگە لەوەی برینەکان ساڕێژ نەوبون، ژمارەیەکی کەم ئەفسەریش بە تاوانی کۆمەڵکوژیی زاهیدان بە 10 ساڵ زیندانی سزادراون؛ چالاکوانان هۆشداریش دەدەن کە ئەو سازیانەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەزمونەکانی پێشو، پێدەچێت لە کاتی پرۆسەی تانەدان کەم بکرێتەوە.

 

چی دەزانیت لەسەر سیستان و بەلوچستان؟


سیستان و بەلوچستان، هاوشێوەی هەرێمێکە لە ئێراندا و لەسەر مەزهەبی سونین، هاوسنورن لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستاندا، دانیشتوانەکەی بەلوچن و بەردەوام کێشيیان لەگەڵ حکومەتی ئێراندا هەیە.

 

لە ڕوی خزمەتگوزاریشەوە لەچاو پارێزگاکانی دیکەدا پشتگوێخراون، شاری گەورەیان زاهیدانە، کە مەڵبەندی خۆپیشاندانەکان و مزگەوتی مەککی کە گەورەترین مزگەوتی سونییە لە ئێران.

 

مزگەوتەکە دەکەوێتە ئەو شارەوە و پێشنوێژی و وتارخوێنی مزگەوتەکەش مەولانا عەبدولحەمیدە، کە بەردەوام ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران دەگرێتو  هەمو رۆژانێکی هەینی لە ترسی خۆپیشاندان هێزە ئەمنییەکان چواردەوری مزگەوتەکە دەگرن.

 

لە ئێستاشدا کە هاوکاتە لەگەڵ  سێهەمین ساڵیادی هەینی خوێناوی زاهیدان، بە گوێرەی ئەو گرتانەی  پێگەی "حاڵوەش" بڵاویکردوەتەوە کە پێگەیەکە و بە تایبەت هەواڵی بەلوچستان و سیستان بڵاودەکاتەوە، ناو شاری زاهیدان ژمارەیەکی زۆر پۆلیس و سەربازی ئۆتۆمبێلی ئەمنی لێی جێگیر کراوە، وەک ئامادەکارییەک لە ئەگەری دروستبونەوەی خۆپیشانداندا لە شارەکە.

 

ئامادەکردن؛ بڵند عەبدولکەریم

 

 

212 جار خوێندراوەتەوە