راوێژکارى باڵاى سەرۆکى حکومەتى هەرێم جەخت
دەکاتەوە کە ئەگەر بەغداد سێ موچەش بنێرێت هەرێمى کوردستان دەتوانێت دوو موچە
دابەش بکات، دەشڵێت: سەرکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان هێندە زۆرە بەغداد چاوى پێی
هەڵنایەت و دەیەوێت رایبگرێت.
هەواڵ:KNNC
دژوار فایەق، راوێژکارى
باڵاى سەرۆکى حکومەت لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى (رۆژەڤ)ـى کەناڵى کەى ئێن
ئێن، باسى لە چارەنوسى سێ موچەى مانگەکانى (10،11،12) کرد و وتى: ئەگەر بەغداد
گوژمەى یەکەمى پارەکەش بنێرێت کورتهێنانمان دەبێت و ناتوانین موچەى مانگى 10 دابەش
بکەین.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد
کە هەرێمى کوردستان داواى لە بەغداد کردوە سێ موچە بەیەکەوە بنێرن بۆئەوەى بەپەلە
بتوانن دوو موچەى مانگەکانى 10 و 11 دابەش بکەن و بۆ چارەسەرى دابەشکردنى موچەى
مانگى 12ـش وتى: هەرێمى کوردستان داواى کردوە موناقەلە لە شوێنێکى دیکەوە بکرێت تا
بتوانن پێش کۆتاییهاتنى ساڵ هەرسێ موچەکە دابەش بکەن.
ئەو راوێژکارە باڵایە جەختى کردەوە کە بە
دڵنیاییەوە ئەگەر گوژمەى یەکەمى پارەکەش بێت ناتوانن خشتەى موچە رابگەیەنن،
لەبارەى پرسەى موناقەلەى پارە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمیش وتى: لەئێستادا لە گفتوگۆداین
و هیوادارین ئەنجامى هەبێت.
لەبارەى ئەگەرى فەوتانى موچەى مانگى 12 دژوار
فایەق وتى: ئەگەر موناقەلە لە بەغدادەوە نەشکرێت، ئەوا ئێمە لەگەڵ ئەوە نین ئەو
موچەیە بفەوتێت و لەگەڵ ئەوەداین دواى ساڵى نوێ بەغداد ئەو موچەیە دابەش بکات.
وتیشى:عێراق بە سیاسەتى بانێک و دو هەوا
لەگەڵ پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کاردەکات، چونکە ئەگەر پارێزگاکانى
دیکەرادەستکردنى داهاتیش نەکەن موچەکانیان دابەش دەکرێت، بەڵام بەغداد لەگەڵ
هەرێمى کوردستان ئەو کارە ناکات و هەر جارە و بیانویەک دەهێننەوە.
راوێژکارى سەرۆکى حکومەت ئەوەشى خستەڕو کە سەرۆکى
حکومەت چەندین جار سوپاسى خۆڕاگریی خەڵکى هەرێمى کوردستانى کردوە، کێشەى موچە
کێشەیەکى دروستکراوە ئەگەرنا زۆر ئاسان کێشەکان چارەسەر دەبن، بەغداد تێبینى
ئەوتۆى لەسەر هەرێم نییە بەڵام کۆسپ دروست دەکات و چاویان بە گەشەسەندن و
بوژانەوەى هەرێم و ئاسایشەکەى هەڵنیایەت و ئەیانەوێت رایبگرن.
493 جار خوێندراوەتەوە