وتەبێژى ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى ئەمەریکا
ئاشکرایدەکات کە وڵاتەکە لە نزیکەوە چاودێرى دۆخى سوریا دەکات و جەختیش دەکاتەوە
کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکانەوە نییە.
هەواڵ:KNNC
شۆن ساڤێت، وتەبێژى ئەنجومەنى ئاسایشى
نیشتیمانى ئەمەریکا لە کۆشکى سپى لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەمەریکا لەماوەى
48 کاتژمێرى رابردودا لەگەڵ پایتەختەکانى ناوچەکەدا لە پەیوەندیدا بوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە وڵاتەکە هیچ
پەیوەندییەکى بەو هێرشانەوە نییە کە دەستەى تەحریر شام لە ناوچەکە ئەنجامیان دەدات
و بە رێکخراوێکى تیرۆرستى ناوى بردون و جەختیش دەکاتەوە کە ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەش
و هاوپەیمانانى هانى ئەوە دەدەن کە ئەم گرژییانە کۆتاییان بێت و پارێزگارى لە
هاوڵاتییانى مەدەنى و کەمایەتییەکان بکرێت.
لە بەشێکى دیکەى بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتوە کە
ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پاراستنى تەواوى هاوڵاتییانى وڵاتەکەى و بنکە
سەربازییەکانى بۆئەوەى گەرەنتى ئەوە بکەن جارێکى دیکە داعش لە ناوچەکە
سەرهەڵناداتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ عەباس عێراقچى،
وەزیرى دەرەوەى ئێران ئەم هێرشانەى گروپە چەکدارەکانى سەربە تورکیاى لە سوریا بە
بەشێک لە پلانى ئیسرائیل و ئەمەریکا ناوبرد بۆ تێکدانى ئاسایشى ناوچەکە.
363 جار خوێندراوەتەوە