سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایدەکات کە لەم دوو رۆژەدا ئەنجومەنى کۆمیسیاران کۆدەبێتەوە و وادەى بانگەشەى
هەڵبژاردن دیاریدەکات، ئاشکرایدەکات کە دەستپێکردنى بانگەشە لە سەرەتاى هەفتەى داهاتو دەبێت.
هەواڵ:KNNC
نەبەرد عومەر، سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەى ئێن ئێن،ى راگەیاند؛ کارەکانى کۆمیسیۆن لە تەواوبوندایە و بڕیارە
سبەینێ یان دوو سبەى ئەنجومەنى کۆمیسیاران کۆببێتەوە و وادەیەک بۆ راگەیاندنى
بانگەشەى هەڵبژاردن دیاریبکەن.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە پێشبینى دەکەن سەرەتاى
هەفتەى داهاتو وەک دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان
دیاریبکرێت.
وتیشى: کۆمیسیۆن وادەى بانگەشەى هەڵبژاردنى
کەم نەکردوەتەوە، بەڵام رێکارەکانى ناردنى ناوى کاندیدەکان و گەڕانەوەى لە
بەغدادەوە کاتى ویستوە بۆیە تا ئێستا بانگەشەى هەڵبژاردن دیارینەکراوە و وتیشى:
هەڵبژاردنى ئەمجارە بەشێوەى بازنەیە و کاندیدەکان تەنها لە ناوچەکانى خۆیان
بانگەشە دەکەن بۆیە کاتێکى کەمتریان پێویستە.
ئەوەشى ئاشکرا کرد کە لە ئێستادا لە شارەکانى
هەولێر و سلێمانى و دهۆک 180 هەزار کارتى بایۆمەترى ماوە و وەرنەگیراونەتەوە و
پرۆسەى دابەشکردنى کارتى دەنگدانیش تا رۆژى هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت و داواى کرد
هاوڵاتییان بڕۆن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.
755 جار خوێندراوەتەوە