حەیدەر عەبادی هۆشداری دەدات... ئەگەری كودەتای سەربازی لە عێراق هەیە

KNN : Kurdish News Network
05:17 - 25/06/2024
عێراق
+
-

سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق رایدەگەیەنێت: سەرەڕای ئەوەی لەلایەن ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتییانەوە پێشوازی لێدەكرێت، بەڵام ئەنجام دانی كودەتای سەربازی لە عێراق سەركەوتو نابێت.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (شەرقییە)ـدا حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق رایگەیاند: ئەگەرەكانی ئەنجامدانی كودەتای سەربازی لە عێراق كراوەیە و لەلایەن ژمارەیەكی زۆری خەڵكیشەوە پێشوازی لێدەكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و دژیەكی نێوان گروپە چەکدارەكان سەركەوتنی كودەتا لەئەم بارودۆخەی عێراقدا قورسە و سەركەوتو نابێت.

 

رونیكردەوە، سەرەڕای یەكدەنگ بونیان لەسەر پارێزگاری كردن لە عێراق و خاكەكەی، هاوڵاتیان بەسەر چەند لایەن و پارتێكی سیاسیدا دابەشبون، ئەوەش سەركەوتنی كودەتای قورسكردوە، لەبری ئەوەی كودەتا سەركەوتوبێت گێرە شێوێنی و ئاژاوە دروست دەكات.

 

راشیگەیاند: سەرجەم لایەنە سیاسییە عێراقییەكان چەك و پارە لە حكومەت وەردەگرن.

 

لەسەر چۆنیەتی سەركەوتنی كودەتای سەربازی رونیكردەوە: ئەگەر كودەتاكە لەلایەن یەك فەرماندەی سەربازییەوە سەركردایەتی بكرێت و لەلایەن دامەزراوەیەکی سەربازییەوە پشتیوانی لە  كودەتاكە بكرێت، بەدڵنیاییەوە سەركەوتودەبێت.

 

عەبادی لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا جەختیکردەوە، ویستی ژمارەیەكی زۆری هێزە سیاسییەکانی عێراقە كە دەوڵەت و حكومەت بە لاوازی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەهێزبن، كە ئەوەش ناڕەزایی خەڵكی زۆری لێكەوتوە بۆیە هاوڵاتییان بە شێوەیەکی لاواز بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكاندا كردوە.

334 جار خوێندراوەتەوە