کاروانێکی نوێی دۆلاری کاش گەیشتووەتە عێراق

KNN : Kurdish News Network
05:17 - 01/10/2026
عێراق
+
-

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەیشتنی کاروانێکی نوێی دۆلاری کاشی بۆ عێراق ڕاگەیاند، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراون بۆ مسۆگەرکردنی دابینکردنی پێداویستییەکانی دراوی بیانی لە وڵاتدا

 

عەبودی لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: کاروانێکی نوێی دۆلاری کاش گەیشتووەتە عێراق." هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هاتنی ئەو کاروانە لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنانەدایە کە بۆ بەردەوامیی گەیشتنی دراوی بیانی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ لەسەر بنەمای سیاسەتە پەسەندکراوەکان ئەنجام دراون

 

پێشتریش وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کردبوو، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەردەوامیی ناردنی کاروانەکانی دۆلاری کاش، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە پڕکردنەوەی پێداویستییە ڕەواکانی دراوی بیانی لە عێراقدا

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەیدەر عەبودی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو لێکتێگەیشتنانە بەهۆی ئەو بەرەوپێشچوونانەوە هاتوونەتە ئاراوە کە عێراق لە بەهێزکردنی سیستەمی چاودێریکردنی دابەشکردنی دۆلار و ڕێکخستنی بەکارهێنانەکانیدا بەدەستی هێناون

 

هەروەها، کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی خراپ بەکارهێنانی دراوی بیانی، لەپاڵ فراوانکردنی ئامرازەکانی پێدانی ئەلیکترۆنی و هەنگاونانی قۆناغ بە قۆناغ بەرەو ئابووریی دیجیتاڵی، هۆکاری سەرەکیی بەردەوامیی ئەو پشتیوانییەن.

118 جار خوێندراوەتەوە