سەرۆک وەزیرانی
عێراق، عەلی فالح زەیدی، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و
کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی لە عێراق ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، قۆناغێکی نوێ بۆ
چارەسەرکردنی پرسی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و داماڵینی چەکی گروپە
ناعێراقییەکان دەستپێدەکات.
لە پەیامێکدا
کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ی تشرینی یەکەمی 2026) بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی
هاوپەیمانانەوە بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند؛ کشانەوەی هێزەکانی
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە وشکانی، ئاسمان و دەریادا بەشێوەیەکی یەکجاری جێبەجێ
کراوە، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی تەواوەتیی خاکی عێراق.
هاوکات ڕۆڵی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و هێزە چەکدارەکانی لە فەتوای جیهادی کیفائی
و تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعشدا بەرز نرخاند.
لە بەشێکی
دیکەی بەیاننامەکەدا، عەلی فالح زەیدی نەخشەڕێگایەکی خستەڕوو کە ئامانج لێی
کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە بەپێی خشتەیەکی کاتی کە لە (30ی
حوزەیرانی 2027) تێپەڕ نەکات. جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنها لە
دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییەکاندایە و حکومەت کار دەکات بۆ داماڵینی چەک لە
تەواوی ئەو گروپە چەکدارە ناعێراقییانەی لەسەر خاکی عێراقن.
سەبارەت بە
هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەت بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی و ئەمنی، سەرۆک وەزیران
ئاشکرای کرد کە دەست دەکەن بە کڕینی سیستەمێکی تەواوەتیی بەرگریی ئاسمانی بۆ
پاراستنی سەروەریی ئاسمانیی وڵات، لەگەڵ دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی و چەسپاندنی
پێگەی ئەو هێزە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمی ئەمنیی ژێر فەرمانی فەرماندەی
گشتیی هێزە چەکدارەکان. هەروەها دووپاتیکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن خاکی
عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، یان خاکی هیچ وڵاتێک بۆ
دەستدرێژیکردنە سەر عێراق بەکاربێت.
63 جار خوێندراوەتەوە