بەڕێوەبەرایەتیی
هاتوچۆی سلێمانی ڕێنمایی نوێی بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریی تاکسی
بڵاوکردەوە و، دوایین وادەشی بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی مۆڵەتی شۆفێریی ماتۆڕسکیل
دیاریکرد کە 10ـی مانگی داهاتووە.
بەپێی
ڕاگەیەندراوێکی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، ئەو شۆفێرانەی
مۆڵەتی تاکسی نوێ دەکەنەوە، پێویستە دوای پشکنینی لیژنەی پزیشکی، ڕاستەوخۆ سەردانی
بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ وەرگرتنی نووسراوی ئاراستەکراو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی
بەڵگەکانی تاوان، بەمەبەستی هێنانی ئەستۆپاکی. هاوکات ئەو شۆفێرانەی دەیانەوێت
مۆڵەتی شۆفێریی تاکسی دەربهێنن و پێشتر مۆڵەتیان نەبووە، پێویستە سەرەتا لە بەشی
مۆڵەت نووسراویان بۆ بکرێت بۆ لیژنەی پزیشکی، بۆ دڵنیابوون لە شیاوییان بۆ شۆفێریی
تاکسی.
سەبارەت بە
خوازیارانی مۆڵەتی شۆفێریی ماتۆڕسکیل، هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە،
پێویستە سەرەتا سەردانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ/ بەشی مۆڵەتی شۆفێری بکەن
بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم و ئاراستەکردنیان بۆ لیژنەی پزیشکی. جەختیشیکردووەتەوە، کۆتا
وادە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی پێدانی مۆڵەتی ماتۆڕسکیل ڕۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2026
دەبێت.
62 جار خوێندراوەتەوە