سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق بووەتە دەوڵەتێک کە بنەماکانی سەروەریی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی تێدا چەسپاوە و سەروەریی یاساش بەسەر تەواوی خاکەکەیدا جێبەجێ دەکرێت. هاوکات شەش بڕیار و هەنگاوی گرنگی وەک بەشێک لە تەواوبوونی سەروەریی وڵات ڕاگەیاند، کە دیارترینیان کشانەوەی هێزەکانی تورکیا، پەکەکە، هاوپەیمانان و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەیە
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سەروەرییەی عێراق ئەمڕۆ بەدەستی هێناوەتەوە لە چەند ڕاستییەکدا بەرجەستە دەبێت؛ لەوانە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کشانەوەی تەواوەتیی هێزە بیانییەکان، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆتاییهێنان بە بوونی هەر گروپێکی چەکداریی بیانی و ئۆپۆزسیۆن لەسەر خاکی عێراق، بە جۆرێک ڕێگە نادرێت عێراق ببێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەختی لە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە بە ئامانجی بەهێزکردنی یەکڕیزیی بڕیاری ئەمنی و سەربازیی لە وڵاتدا
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و گروپە چەکدارەکان، سەرۆک وەزیران باسی لە کۆنتڕۆڵکردنی مەلەفی چەک کرد بەپێی دەستوور و ئەو خشتە کاتییەی کە لەلایەن حکومەتەوە دانراوە، ئەوەش بۆ چارەسەرکردنی دۆخی گروپە چەکدارەکان و تێکەڵکردنیان بە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت. هاوکات سوپاسی ئەو گروپانەی کرد کە پابەندبوونی خۆیان بەو خشتە کاتییە ڕاگەیاندووە و چاوەڕوانیش دەکات ئەوانی دیکەش هەمان پابەندبوونیان هەبێت بۆ پاراستنی شکۆی دەوڵەت، کە مەرجەعییەتی باڵای ئاینییش بەردەوام جەختی لە قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە کردووەتەوە
لە درێژەی وتەکانیدا، سەرۆک وەزیران دەستپێکردنی هەنگاوەکانی بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی نیشتمانیی یەکگرتوو ڕاگەیاند بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق. لە ڕووی ئابووریشەوە ڕوونیکردەوە، حکومەت ڕووبەڕووی گەندەڵی بووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، هەروەها کار دەکات بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری و پاراستنی سامانی نیشتمانی، بەتایبەت نەوت، بۆ ئەوەی خزمەتی تەواوی هاووڵاتییان بکات.
197 جار خوێندراوەتەوە