سەرۆکى روسیا سەردانى کۆریاى باکور دەکات و ئەمەریکاش نیگەرانە

KNN : Kurdish News Network
10:13 - 18/06/2024
جیهان
+
-

کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا، (کرملین) بڵاوی کردوەتەوە، ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بە سەردانێکی دو رۆژە دەگاتە کۆریای باکور و ئەمەریکاش نیگەرانى دەردەبڕێت و دەڵێت: بەهێزبونى پەیوەندییەکانى ئەم دوو وڵاتە جێگەى نیگەرانیمانە.

 

هەواڵ:KNNC

 

کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاندوە: سەردانەکەی پوتین بۆ پیۆنگ یانگ، لەسەر بانگهێشتی کیم جۆنگ ئون رێبەری باڵای کۆریای باکورە و بە مەبەستی رێکخستنەوە و زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە.

 

سەردانەکەی پوتین بۆ پیۆنگ یانگ لەکاتێکدایە، کیم جۆن ئون، لە ئەیلولی 2023، بە شەمەندەفەرە تایبەتەکەی سەردانی روسیای کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین کۆبوەوە.

 

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی روسیا و کۆریای باکور، ڤلادیمێر پوتین رۆژی سێشەممە لە وتارێکدا کە میدیاکانی کۆریای باکور بڵاویان کردوەتەوە، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ کۆریای باکور هاوپەیمانەکەی دەربڕی و نوسیویشیەتى: کۆریای باکور لە جەنگی ئۆکرانیادا، پاڵپشتی تەواویان دەکات، جەختیشی کردوەتەوە لەوەی، هەر دو وڵات کار دەکەن بۆ فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەشى نێوانیان.

 

لەوبارەیەوە ئەمەریکا، نیگەرانیی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و کۆریای باکور دەردەبڕێت و بە هۆکارى ناسەقامگیریی نیمچە دورگەی کۆریا وەسفى دەکات.

 

لەو بارەیەوە، جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند: ئەوەی واشنتۆنی نیگەران کردوە، بەهێزبونی پەیوەندیی نێوان ئەم دو وڵاتەیە، نەک تەنها یارمەتییەکانی کۆریای باکور بۆ روسیا.

 

کێربی رونیشی کردەوە، ئاشکرایە کە کۆریای باکور لە ئێستادا، موشەکی بالیستی هەناردەی روسیا دەکات و مۆسکۆ لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاری دەهێنێت.

 

جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەوەی زیاتر بوەتە مایەی نیگەرانیی واشنتۆن، ئاڵوگوڕکردنی چەکە لە نێوان مۆسکۆ و پیۆنگ یانک کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە و کاریگەرییشی دەبێت لەسەر ئاسایشی نیمچە دورگەی کۆریا.

455 جار خوێندراوەتەوە