مامۆستا بەرزان عوسمان یەکێک بوو لەو قارەمانانەی کە مێژوو نەمری پێدەبەخشێت. لە یەک کاتدا مامۆستا، شاعیر، دڵدار و پێشمەرگە بوو. وەک مامۆستایەکی دڵسۆزی شۆڕش و کوردایەتی، لە ئۆردوگای کارێزە منداڵانی بە خۆشەویستی نیشتمان گۆش دەکرد. بەڵام کاتێک بینی میللەتەکەی لە ژێر زوڵمی بەعسدا دەناڵێنێت، قەڵەمەکەی لەگەڵ چەک خستە شانی، پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە و لە ناو کۆمەڵە و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دا.
ڕێگای خەباتی بەرزان ڕێکەوت نەبوو. ئەو لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر هاتبووە دنیاوە و خۆشەویستیی نیشتمان لە ناو ماڵەکەیاندا ڕەگی داکوتابوو. باپیری یەکێک بوو لە بریندارەکانی ڕاپەڕینی ٦ی ئەیلوولی ڕەشی سلێمانی، و خاڵیشی سەلاح چاوشین بوو، یەکێک لە فەرماندە بەناوبانگ و ئازا و قارەمانەکانی شۆڕشەکانی ئەیلوول و نوێ. بەم شێوەیە بەرزان ئەو ڕێگایەی درێژە پێدا کە گەورەکانی بنەماڵەکەی بە خوێن و قوربانی نەخشاندبوویان.
بەرزان بۆ کوردایەتی و ئازادی دەژیا. شۆڕشی تەنها بە جەنگ نەدەبینی، بەڵکو بە خەونێکی جوانی دەزانی بۆ کۆمەڵگایەکی ڕووناک و دادپەروەر. هەر بۆیە سیاسەتیشی بە ڕۆحی شاعیرانە دەبینی و باوەڕی وابوو ڕۆژی ڕزگاری زۆر نزیکە.
لە شیعرەکانیدا هاوتەریبیی عەشق و نیشتمان ڕەنگی داوەتەوە. لە یەکێک لە شیعرە ناسراوەکانیدا دڵی خۆی بە «ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش» دەشوبهێنێت، دڵێک کە بە عەشق دەسووتێت بەڵام هەرگیز ناکوژێتەوە. وێنە ناسکەکانی، وەک پرچێک کە وەک زنجیر دەیبەستێتەوە و نیگایەک کە وەک تیر دەیپێکێت، نیشانی دەدەن ئەو پێشمەرگەیەی لە شاخ بوو، هونەرمەندێکی هەستناسک و دڵدارێکی ڕاستگۆش بوو. لای بەرزان هونەر و شۆڕش دوو ڕووی یەک دڵ بوون.
شەوی ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٨٢، ئەم دڵدارە بە نهێنی گەڕایەوە ئۆردوگا تا هاوسەرەکەی و کچە ساواکەی ببینێت. بەیانی ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەم سەربازەکانی بەعس ئەو ماڵەیان گەمارۆ دا کە تێیدا بوو. بەرزان بە ئازایەتییەوە خۆی بەدەستەوە نەدا و بە کڵاشینکۆفەکەی ڕووبەڕوویان بووەوە تا شەهید بوو. تەرمەکەیان برد بۆ چوارتا، بەڵام ناو و یادەوەریی بەرزان لە دڵی خەڵکدا مایەوە.
خوێنی بەرزان بوو بە ئاگرێک لە دڵی خەڵکی کارێزەدا. لە ساڵانی دواتردا ئەو خەڵکە بە توندی ڕووبەڕووی بەعس بوونەوە و زۆرێک لە قوتابی و هاوڕێکانی بە شوێنپێی شەهید بەرزاندا ڕێگای شۆڕش و کوردایەتییان گرتەبەر. بەرزان عوسمان وەک ئەو «ئاگرە بێ خۆڵەمێشە»ی کە لە شیعرەکەیدا وەسفی کردبوو، هەرگیز نەکوژایەوە و بۆ هەمیشە هێمای ئەو تێکۆشەرە دەمێنێتەوە کە شۆڕش و کوردایەتی و شیعر و دڵداریی کردە یەک.
پرچی زەردت وەک زنجیرێک لە دەست و قاچم ئاڵاوە
نیگای چاوت وەکوو تیرێک ئاوێنەی ڕووتی پێکاوە
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش دڵی منە کڵپەی یاوە
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش دڵی منە وا سووتاوە
چاوی کاڵت بەسەر زاری هێمن و مات و داماوە
بەڵام لە ژێر پەردەی بینین ناز و جادووی تیا زاوە
هەر ئەو نازە فێڵەبازە کە وا خۆشی حەشار داوە
زۆر لەسەرخۆ بە هێمنی گوڵی هیوامی شێلاوە
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش دڵی منە کڵپەی یاوە
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش دڵی منە وا سووتاوە
نە گوڵی من گوڵی زۆری وەکوو منی پێ لێناوە
هەر ئەم کارە نالەبارەی تۆ بەسەر منتا هێناوە
دڵ بە گڕی عەشقی تۆیە بێ خۆڵەمێش کە سووتاوە
من ئەم دڵەم بە تۆ داوە بۆچی لە ژێر پێت داناوە
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش دڵی منە کڵپەی یاوە
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش دڵی منە وا سووتاوە
هۆنراوە: بەرزان عوسمان
87 جار خوێندراوەتەوە