سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرای دەکات، بۆ
ئەوەی دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی بگەنە رێککەوتنێکی هەمیشەیی،
پێویستە کۆتایی بە تۆمەتبارکردنی "بێ بنەما"ی ئێران بهێندرێت و سزاکانی
سەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێن.
ئیبراهیم رەئیسی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ
تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر ئاماژەی بەوەکردوە، بانگەشەکانی وڵاتانی رۆژئاوا
لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە "بێ بنەما"یە و وتی: "تۆمەت
و پڕوپاگەندەی بەردەوام لە کاتی ئەنجامدانی دانوستانەکاندا، نیشاندەری ئەوەن کە لایەنی
بەرامبەر قۆناغی دانوستانەکانی کردووەتە ئامانجێکی سیاسیی و پابەند نییە بە مەرجەکانی
ئەنجامدانی دانوستانێکی جددییەوە".
ئیبراهیم رەئیسی باسی لەوەش کردووە کە ئەو سزایانەی
خراونەتە سەر وڵاتەکەی، نایاسایی و تاکلایەنەن و رایگەیاندووە: "رێککەوتنێکی
هەمیشەیی پێویستی بە هەڵگرتنی سزاکان و کۆتاییهێنان بە بانگەشە بێبنەماکانە".
296 جار خوێندراوەتەوە