وەزارەتی خوێندنی باڵا کاتی کاراکردنی سیستەمی زانکۆلاینی بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزە ڕاگەیاند

KNN : Kurdish News Network
08:05 - 10/09/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی ئەنجامی سەرجەم دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە وەزارەتی پەروەردەوە ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا سیستەمی "زانکۆلاین" بە فەرمی کارا دەکرێت

 

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند: ئەنجامی (40) هەزار و (716) دەرچووی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان ڕادەستی وەزارەتەکەیان کراوە و دەستبەجێ ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ پرۆسەی دابەشکردنی خوێندکاران دەستی پێ کردووە

 

 

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا و لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو، پۆرتاڵی زانکۆلاین بە فەرمی کارا دەکرێت، بەوەش زیاتر لە (30) هەزار دەرچووی بەشی زانستی، نزیکەی هەشت هەزار دەرچووی وێژەیی، لەگەڵ دەرچووانی بەشەکانی پیشەیی و نێودەوڵەتی دەتوانن فۆڕمی وەرگرتن پڕبکەنەوە

 

 

باسی لەوەش کردووە، بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) دەرچووان دەتوانن داواکاری بۆ هەر سێ جۆری خوێندنی گشتی (زانکۆلاین)، پارالێڵ و ئێواران لە تەواوی (16) زانکۆ حکوومییەکەی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن، تاوەکو بەپێی نمرە و شایستەیی خۆیان لە بەش و کۆلێژە جیاوازەکان وەربگیرێن

 


102 جار خوێندراوەتەوە