سەباح نوعمان: پەکەکە چەکەکانی ڕادەست کردووە و گفتوگۆ بۆ چوونەدەرەوەیان دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
01:49 - 10/09/2026
عێراق
+
-

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، پرۆسەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە خێربووندایە. هاوکات جەختی لە کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی یاسا، کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، و چارەنووسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردەوە.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچوو، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی (٣٠)ی ئەیلوول وەک دوا مۆڵەت بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دیاریکراوە. سەبارەت بە هەماهەنگییە ئەمنییەکانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد کە هەماهەنگییەکی ئاستبەرز هەیە، بەتایبەت لە پرسی لیوا هاوبەشەکان، دەروازە سنوورییەکان، و ڕادەستکردنەوەی داواکراوان بە خێرایی و دوور لە ڕۆتین. وتیشی: "لەپێشینەی کارەکانی فەرماندەی گشتی، دروستکردنی عێراقێکی خاڵییە لە ماددە هۆشبەرەکان و تیرۆر، بۆ ئەوەی ببێتە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان."

 

سەبارەت بە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، سەباح نوعمان ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکان لەگەڵ سەرکردەی گروپە چەکدارەکان بەردەوامە و بەهیچ شێوەیەک بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت قبوڵ ناکرێت. لەبارەی بەکارهێنانی خاکی عێراقیشەوە دژی وڵاتانی دراوسێ، جەختی کردەوە کە ڕێگە بەو کارە نادرێت و وتی: "پەکەکە چەکەکانی ڕادەست کردووە، ئێستاش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی تورکیدا هەیە بۆ گەڕانەوەیان، یان چوونەدەرەوەیان لە عێراق بۆ شوێنێکی دیکە."

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە پرسی پڕچەککردن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کرد و ڕایگەیاند کە عێراق هەنگاوی گەورەی لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەمریکا، کۆریا و تورکیا بڕیوە. هەروەها هۆشداریی توندی دا بەو کەس و لایەنانەی کە دەنگۆ و گوتاری ڕقکينە و تائیفی بڵاودەکەنەوە و دووپاتی کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی ڕاگەیاندن، ڕێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

172 جار خوێندراوەتەوە