وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگەی لە ژێر چەتری وەزارەتەکەدا ڕاگەیاند و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوای چەندین ساڵ تێکۆشان و هەوڵدانی بەردەوام، بە هاوکاری و هەماهەنگیی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا و هەشتا، سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنراون و هێزەکان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی ورد و پلانبۆداڕێژراوی سەربازیدا یەکخرانەوە
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ڕیشەییەدا، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، لە شێوەی (لیوا، فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر) ڕێکخراونەتەوە و هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەکار دەبن، ئەمەش وەک دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان وەسف کراوە
وەزیری پێشمەرگە ستایشی پاڵپشتیی بەردوامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە لە سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییەدا و داوای کردووە لە قۆناغی داهاتووشدا بە شێوازێکی جیاوازتر پشتگیریی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان بکەن.
126 جار خوێندراوەتەوە