بەریتانیا دامەزرێنەرى ویکلیکس رادەستى ئەمەریکا دەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:28 - 18/06/2022
جیهان
+
-

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، بڕیاری رادەستکردنەوەی دامەزرێنەری ویکیلیکسى بە ئەمەریکا، واژوو کرد.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "دوای هەڵسەنگاندنی دادگای سزادان و دادگای باڵای بەریتانیا، لە 17ی حوزەیراندا بڕیاردرا جولیان ئەسانژ، رادەستی ئەمەریکا بکرێتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەسانژ 14 رۆژ ماوەی هەیە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات.

ماڵپەڕی ویکیلیکس، کاردانەوەی دژی ئەم بڕیارە نیشانداوە و لە راگەیەندراوێکی ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەمڕۆ رۆژێکی رەشە لە مێژوی ئازادی رادەربڕین و دیموکراسییەتی بەریتانیادا. هەموو کەسێکی ئازادیخوازی ئەو وڵاتە پێویستە هەست بە شەرمەزاری بکات لە بەرامبەر بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ رادەست کردنەوەی جولیان ئەسانج بە ئەمەریکا".

لە راگەیەندراوی ماڵپەڕەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تانە لە بڕیارەکە دەدەن.

لە مانگی نیسانی 2019ەوە تا ئێستا ئەسانژ لە بەریتانیا بەندکراوە و ئەگەر رادەستی ئەمەریکا بکرێتەوە ئەوا ئەگەر هەیە بە 175 ساڵ زیندانی، سزا بدرێت.

هۆکاری ئەم سزایەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوبراو هەزاران بەڵگەی لەسەر سوپای ئەمەریکا بڵاوکردوەتەوە کە لە عێراق و ئەفغانستان "تاوانی جەنگ"یان ئەنجامداوە.

212 جار خوێندراوەتەوە