ئێران: گفتوگۆکانمان لەگەڵ سعوودیە ئەرێنییە

KNN : Kurdish News Network
05:40 - 16/06/2022
جیهان

وەزیری دەرەوەی ئێران، رایدەگەیەنێت؛ ھەڵسەنگاندنی وڵاتەکەی بۆ دوایین گەڕی گفتوگۆکانی لەگەڵ سعوودیە کە بەنێوەندگیری عێراق لە بەغدا ئەنجامدرا، ئەرێنییە.

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئەنجامداوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەداوە کە وڵاتەکەی پێشوازی لە جێبەجێکردنی ئەنجامی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی لەگەڵ سعوودیە لە بەغدا دەکات.

راشیگەیاندووە کە حکوومەتی عێراق، پێداگیرانە بەردەوامە لەسەر پێشکەشکردنی ئاسانکاریی بۆ ئەوەی گفتوگۆی راستەخۆ لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە سازبکرێت، ئەوەیش بە ئامانجی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز ئاسایی ببنەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە
* سعوودیە لە دوی کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا، بەتۆمەتی تیرۆر ٤٧ کەسی لەسێدارەدا کە زانای ئایینی شیعەمەزھەب نمر ئەلنمر-یان لەنێودا بوو.

* دوای ئەوەی بەرپرسانی ئێران بە دوای یەکدا کاردانەوەیان بەرامبەر سعوودیە نیشاندا، دواتر ئاگر بەردرایە باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی سعوودیە لە مەشھەد.

* دوای ئەم رووداوانە بەھۆی جەنگی ناوخۆیی یەمەنەوە کە لە ئاداری ٢٠١٥ دەستی پێکرد، پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە ھەر خۆی گرژی تێکەوتبوو، بەتەواوی پچڕان.

* دوای تێپەڕینی پێنج ساڵ لە نیسانی ٢٠٢١وە تا ئێستا، ئێران و سعوودیە بەنێوەندگیری عێراق پێنج گەڕی گفتۆگۆیان لە بەغدا ئەنجامداوە.

88 جار خوێندراوەتەوە