هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی بودجەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەرێم لە بەغداوە دەستیپێکرد

KNN : Kurdish News Network
09:26 - 05/10/2026
عێراق
+
-

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم، تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 و تەرخانکردنی بودجەی بۆ تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەچوو، جەخت لە پێویستیی گواستنەوەی تەرخانکراوە داراییەکان کرایەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو خێزانانەی کە چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.

 

لیژنەکە گوێی لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم گرت سەبارەت بە دۆخی خێزانەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 30 هەزار خێزان. لەسەر ئەو بنەمایە، پەرلەمانتاران بەپێویستیان زانی پشکی دارایی پێویست بۆ تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەرێم لەناو بودجەی فیدراڵیدا جێگیر بکرێت.

 

هاوکات لیژنەی دارایی ناوەڕۆکی نووسراوێکی تایبەت بە مەرجەکانی پێش پەسەندکردنی بودجەی ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کرد. لەلایەکی دیکەشەوە، بڕیاردرا بە ئاراستەکردنی چەند داواکارییەک بۆ وەرگرتنی زانیاری و بەڵگەنامەی گرنگ لە وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان، نەوت و بانکی ناوەندی.

144 جار خوێندراوەتەوە