بانکی ئەهلیی عێراقی: بەمزووانە 75 ئامێری نوێی ڕاکێشانی پارە لە هەرێمی کوردستان دادەنرێن

KNN : Kurdish News Network
01:30 - 05/10/2026
کوردستان
+
-

بانکی ئەهلیی عێراقی (NBI) بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی، پلانێکی فراوانی بۆ زیادکردنی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاگەیاند. ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغی و خێرا تەواوبوونی پارەی ئامێرەکانە لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا.

 

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە داوای چارەسەرکردنی پرسی قەرەباڵغی بەردەم ئامێرەکانی راکێشانی پارەی سەر بە بانکی ئەهلیی عێراقیی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بانکی ناوەندی و ئەو بانکە ئەهلیە وەڵامی نوسراوەکەیان داوەتەوە.

 

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی بانکی ئەهلیی عێراقی کە ئاراستەی بانکی ناوەندی کراوە، لە ئێستادا هەشت ئامێری (ATM) لە گەرمیان و شەش ئامێر لە سنووری ڕاپەڕین کار دەکەن. هاوکات، دوو ئامێری نوێ لە هەڵەبجە و سەیدسادق جێگیر کراون و کاری دانانی ئامێرەکانیش لە ڕانیە، چەمچەماڵ، کەلار و سەنتەری سلێمانی لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

 

بانکەکە ئاشکرای کردووە، شوێنی دانانی ئامێرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت بەپێی دابەشبوونی جوگرافیی مووچەخۆران. بۆ ئەم مەبەستەش، لە چەند مانگی داهاتوودا 75 ئامێری نوێی ڕاکێشانی پارە لە ناوچە جیاوازەکان دادەنرێن بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان.

211 جار خوێندراوەتەوە