شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:15 - 05/10/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات لە ئەمڕۆ دووشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و کاریگەرییەکەی لە سبەینێ سێشەممەدا دەگاتە لوتکە. شەپۆلەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و هەولێرەوە دەست پێدەکات و دواتر پەلەدەکێشێت بۆ سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوک.

 

سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند؛ شەپۆلەکە دەرەنجامی یەکگرتنی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سپیی ناوەڕاست و دەریای سوورە لەگەڵ بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری. پێشبینی دەکرێت زۆرترین بڕی باران لە ناوچە شاخاوییەکان ببارێت کە دەگاتە 25 ملیمەتر، لە کاتێکدا سەنتەری شارەکان کەمترین بڕیان بەردەکەوێت.

 

بەپێی پێشبینییەکان، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لە سلێمانی، ئیدارەی سۆران و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم دەردەکەوێت و تا 8ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. پلەکانی گەرماش لە نێوان 18 بۆ 33 پلەی سیلیزیدا دەبن، لەگەڵ چالاکبوونی خێرایی با کە لە ناوچە بیابانییەکاندا هەندێک جار دەگاتە 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

234 جار خوێندراوەتەوە