تێکڕای
هەناردەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدەر لە ئێران، بۆ یەکەمجار لە دوای
دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لە کۆتایی مانگی
شوبات، گەیشتەوە ئاستی پێش جەنگ و بە تێپەڕاندنی 18 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، نەوت
ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە. بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کپلر، لە مانگی
ئەیلولدا هەناردەی خاو گەڕاوەتەوە دۆخی پێش جەنگ و ڕۆژانە لانی کەم 16.5 ملیۆن
بەرمیل نەوت لە ناوچەکەوە هەناردە کراوە.
لە ئێستادا
نزیکەی سەدا 40ی ئەو هەناردەیە بەدەر لە گەرووی هورمز تێدەپەڕێت و وڵاتانی وەک
سعودیە و ئیمارات پشتیان بە بۆرییە نەوتییەکانیان بەستووە بۆ گواستنەوەی
نەوتەکانیان بۆ دەریای سوور و کەنداوی عومان. ئەم هەنگاوانە بۆ خۆدزینەوەیە لەو
کۆتوبەندانەی ئێران هەوڵدەدات بیانسەپێنێت بەسەر گەرووی هورمزدا کە پێشتر پێنجیەکی
نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕی. هەرچەندە ئێران جەخت لە کۆنتڕۆڵکردنی گەرووەکە
دەکاتەوە، بەڵام بەکارهێنانی ڕێڕەوە جێگرەوەکان وەک بۆریی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای
سعودیە و بۆرییەکانی ئەبوزەبی بۆ فوجەیرە، وایکردووە هەناردەکان بە خێرایی بەردەوام
بن.
ئەم
گۆڕانکارییانە لە کاتێکدان کە بازاڕی نەوت هێشتا ناسەقامگیرە و گەمارۆکانی ئەمریکا
بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامن. لە بازاڕەکانیشدا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت
بۆ مامەڵەکانی مانگی کانونی یەکەم بە ڕێژەی سەدا 0.79 دابەزی و گەیشتە 101.44 دۆلار،
هەروەها نەوتی تەکساسیش دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 90.02 دۆلار.
233 جار خوێندراوەتەوە