​لەیارییەکى پڕ گۆڵدا مانچستەر ستى لە ریاڵ مەدریدى بردەوە

KNN : Kurdish News Network
11:50 - 27/04/2022
وەرزش
+
-

لە یارى چونى قۆناغى پێش کۆتایى چامپیۆنس لیگ، یانەى مانچستەر ستى بە سەرکردایەتى پێپ گواردیۆلا لە یاریگاى ئیتیحاد بەسەر ریاڵ مەدریدا سەرکەوت.

لەگەڵ فیکەى ناوبژیوان و دەستپێکى یارى، کوڕانى گواردیۆلا گەیشتنە سەر گۆڵى ریاڵ و لە رێگەى کیڤن دیبڕۆین دەروازەى گۆڵى ریاڵیان بەڕوى خۆیاندا کردەوە، هێشتا یاریزانانانى ریاڵ خۆیان رێکنەخستبویەوە کاتێک لە خولەکى 11 گابرێل خیسۆس، بۆ دووەم جار تۆڕى گۆڵەکەى کۆرتوا هەژاند.

فشارەکانى ستیزن بۆسەر ریاڵ درێژەى کێشا، تا لە خولەکى 33 کەریم بەنزیما بە گۆڵێک گواردیۆلاى ئاگادارکردەوە و گێمى یەکەمى یارییەکەش بەو ئەنجامە بە کۆتا هات.

هاندەرانى ریاڵ لە ناوەڕاستى هەردو گێمەکە چاویان لە کارلۆ ئەنشیلۆتى بوو، تا وەک یارییەکانى بەرامبەر پاریس و چێڵسى لە گێمى دووەمدا گرێییەکان بکاتەوە، بەڵام ئەوە روینەدا و هەرزو فۆدین لە خولەکى 53 گۆڵێکى دیکەى مانچستەر ستى تۆمارکرد و ئەرکى ریاڵى قورسترکرد، بەڵام هێشتا جۆشوخرۆشى هاندەرانى یاریگەى ئیتیحاد بۆ گۆڵى سێییەمى یانەکەیان تەواو نەبوو کاتێک فینیسیۆس جۆنیۆرى لاو بە لێهاتوى خۆى گۆڵەکەى وەرگرتەوە و جارێکى دیکە گواردیۆلاى خستەوە ناو بیرکردنەوەى یارییەکەى پاریس و چێڵسى.

دیمەنەکان و گۆڵەکانى یارییەکە کۆتاییان نەهاتووە، لە خولەکى 74 بێرناردۆ سێلڤاى باشترین یاریزانى یارییەکە، بەسود وەرگرتن لە هەڵەیەکى بەرگریکارانى ریاڵ گۆڵى چوارەمى سیتیزنى هێنا، دواى ئەم گۆڵە کارلۆ ئەنشیلۆتى چەند گۆڕانکارییەکى کرد، چونکە قورس بوو بەو ئەنجامەوە بگەڕێتەوە مەدرید، ئەوەبوو لە خولەکى 82 جارێکى دیکە کەریم بەنزیما لە رێگەى لێدانێکى سزاوە گۆڵى سێیەمى ریاڵى هێنا و یارییەکەش بە ناونیشانى (4 بە 3) لەبەرژەوەندى مانچستەر ستى کۆتایى هات و یارى داهاتو کە لەیاریگاى سەنتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوە دەچێت و ناونیشانى تیپى براوەى یارى کۆتایى دیاری دەکات.


282 جار خوێندراوەتەوە