لەكۆتایدا یاریگای سانسیرۆ یاخود جۆزێپی میاتزا
كە لە دڵی شاری میلانۆدا دەبێت بە بەشێك لەمێژو و یارییە مێژووییەكانی ناو ئەو یاریگایە
وەكو یادەوەری دەمێنێتەوە، بەو پێیەی تەمەنی مەزنترین و بەناوبانگترین و یەكێك لەدێرنترین
یاریگاكانی جیهان كورتبۆتەوەو لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا لە شوێنی ئەو یاریگایە یاریگایەكی
نوێ و بەدیزاینی نوێ و سەردەمیانە دروستدەكرێت.
ئەو هەنگاوەی هەردوو یانەكەی شاری میلانۆ كە ئینتەرمیلان
و ئەی سی میلانەو بەهاوبەشی لەگەڵ شارەوانی شاری میلانۆ خاوەندارێتی دەكەن، هاوشێوەی
پلانەكانی هەردوو یانەی ریاڵ مەدریدو بەرشەلۆنەی ئیسپانین كە یەكەمیان لە قۆناغەكانی
نۆژەنكردنەوەی یاریگاكەیەتی و دوەمیشیان لە چەند ساڵی داهاتوودا دەست دەكات بەنوێژەنكردنەوەی
یاریگاكەی.
هەردو میلان، سەرەنجام گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر
دروستكردنی یاریگایەكی نوێ كە هاوشێوەی یاریگای سانسیرۆ لە یاریگا نوێیەكەشدا هاوبەش
دەبن و ئەو دوو یانەیە زیاد لە ساڵێكە چەند كۆمپانیایەكیان راسپاردبوو بەدروستكردنی
دیزانی یاریگا نوێیەكە.
لەكۆتایشداو دوای هەڵسەنگاندنی سەرجەم دیزاینە
جۆراوجۆرەكان لەسەر دیزاینی پرۆژەی پۆپۆلۆس رێككەوتن كە لەلایەن كۆمپانیایەكی تایبەت
بەو بوارە ئامادەكراوە.
شێوازی یاریگاكە لەسەر شێوازی كەنیسەی كاتدرائیەی
فاتیكانەو ئەو دیزاینەش كە پەسەندكرا لەكۆتایدا لەگەڵ دیزاینێكی دیكەدا مایەوە، بەڵام
دیزاینی پرۆژەی پۆپۆلۆس سەركەوتنی بەدەستهێناو لەلایەن كارگێری هەردوو یانەكەی شاری
میلانۆوە پەسەندكرا.
یاریگاكە لەناوچەی سانسیرۆ دروستدەكرێت و لەگەڵ
كۆتایی هاتنی ئاهەنگی دەستپێكردنی ئۆڵمپیادی زستانەی ساڵی (2026) بۆ تەواوكردنی سەرجەم
بەشەكانی یاریگا نوێیەكە بەشێك لە یاریگای سانسیرۆ دەڕوخێنرێت.
یاریگا نوێیە هاوبەشەكەی ئینتەرمیلان و ئەی سی
میلان بەراورد بەیاریگای سانسیرۆ شوێنی دانیشتنی هاندەرانی لە (80) هەزار بۆ (65)
هەزار كەمدەكرێتەوە، بەڵام شوێنی دانیشتنی تایبەت واتە ڤی ئای پی زیاددەكرێت و زیادكردنی
ئەو بەشەش ساڵانە (80) ملیۆن یۆرۆ قازانجی بۆ هەردوو یانەكە دەبێت.
بڕیارە یاریگا نوێیەكەی هەردوو یانەكەی شاری میلانۆ
لە ساڵی (2027)دا ئامادەببێت و لەچەند ساڵی نزیكی داهاتووشدا كارەكانی دروستكردنی یاریگاكە
دەستپێبكات.
428 جار خوێندراوەتەوە