دەستەی کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێم دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
08:57 - 01/10/2026
عێراق
+
-

دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ و چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، کەشوهەوایەکی پاییزە باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت و ئەگەری بارانبارین و هەورەبرووسکە لە چەند ناوچەیەک هەیە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی کەشناسی، بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ی تشرینی یەکەمی 2026)، ئاسمان بەگشتی نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینی نمەباران، کە لە هەندێک کاتدا لە بەشێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور (هەرێمی کوردستان)هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت.

 

 سەبارەت بە پلەکانی گەرما، لە کاتەکانی ڕۆژدا کەشەکە مامناوەند بۆ گەرم دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی بەرەبەیان و شەودا مەیلی بۆ فێنکی و سەرمایەکی ڕێژەیی دەچێت.  هەروەها خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و مەودای بینینیش لە کاتی بارانباریندا کەم دەبێتەوە بۆ 5 تا 7 کیلۆمەتر.

 

سەبارەت بە ڕۆژانی داهاتوو، دەستەکە پێشبینی دەکات کە بۆ ڕۆژی هەینی، کەشوهەوا بەگشتی نیمچەهەور دەبێت و لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستانیش بارانی مامناوەند دەبارێت. هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژی پێشووتر لە سەرتاسەری وڵات کەمێک نزم دەبنەوە.

 

لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەدا، ئاسمان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور بەگشتی نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی نمەبارانێکی پچڕپچڕ لە چەند شوێنێک. ڕۆژی دووشەممەش پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە و ئەگەری نمەباران لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا دەمێنێتەوە.

273 جار خوێندراوەتەوە