شارەزایەکی
کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای سوورەوە، لە
سبەینێ پێنجشەممەوە شەپۆلێکی ناجێگیریی کەشوهەوا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و
عێراق دەگرێتەوە و پێشبینیی دروستبوونی هەورەبرووسکە و تاوەباران دەکرێت.
ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە، لە ئێستادا ڕێژەی شێ لە ناوچەکانمان بەرز دەبێتەوە و
لە کاتەکانی بەیانیی سبەینێ پێنجشەممەوە، لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق و هەرێمی
کوردستان گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا دەستپێدەکات، کە دروستبوونی کەڵەکەهەوری برووسکە
و ناوبەناو تاوەبارانی کورتخایەنی لاواز بۆ مامناوەند لەخۆ دەگرێت.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، لە دوانیوەڕۆ و ئێوارەی هەمان ڕۆژدا، کاریگەریی شەپۆلەکە درێژ
دەبێتەوە بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک، سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ
ئیدارەکانی سۆران، ڕاپەڕین و بەشێک لە باکووری گەرمیان.
باسی لەوەشکردووە، بەگشتی
بڕی بارانەکە زۆر نابێت، بەڵام بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەواوە ئەگەر هەیە لە هەندێک
ناوچە تاوەبارانی بەخوڕ ببارێت و لە هەندێک شوێنی دیکەش تەنها نمەباران بێت.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی پێشبینیش دەکات، ئەم دۆخەی ناجێگیریی کەشوهەوا بۆ ڕۆژانی داهاتوو و هەفتەی
ئایندەش بە هەمان شێوە لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامیی هەبێت.
66 جار خوێندراوەتەوە