کۆمپانیای داناغاز چاکسازی لە کۆرمۆر دەستپێدەکات و بەرهەمهێنانی غاز بۆ نیوە کەمدەبێتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:22 - 01/10/2026
کوردستان
+
-

کۆمپانیای داناغاز لە سبەینێوە بۆ ماوەی یەک مانگ پرۆسەی چاکسازی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستپێدەکات، بەهۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بۆ لەسەدا پەنجا کەمدەبێتەوە و کاریگەری لەسەر پێدانی کارەبای نیشتمانی و پشکی غازی پارێزگاکان دەبێت. سەرەڕای کەمبوونەوەی غاز، نرخی غازی بازرگانی (LPG) بە جێگیری دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.

 

بەپێی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن، پشکی غازی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) بۆ نیوە کەمدەبێتەوە، بەڵام بڕێکی زۆر لە یەدەگی غاز کۆگاکراوە کە لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتووەتە زیاتر لە دوو هەزار تۆن. لە ئێستادا ڕۆژانە 12 ئۆتۆمبێلی 20 تۆنی غاز دەگاتە سلێمانی، و هاووڵاتییان دڵنیا دەکرێنەوە کە پێویست بە دروستکردنی قەیران و کۆکردنەوەی غاز ناکات، چونکە خواست لەسەر غاز لە وەرزی پاییزدا کەمترە و پێویستی بە ئامێرەکانی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە نییە.

 

لەبارەی کەرتی کارەباوە، وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی کەمبوونەوەی غازەوە، پێدانی کارەبای نیشتمانی لە نێوان چوار بۆ پێنج کاتژمێر لە شەوانەڕۆژێکدا کەمدەبێتەوە. ئەگەرچی پرۆسەی چاکسازییەکە مانگێک دەخایەنێت، بەڵام تەنها چوار ڕۆژی پڕۆسەکە سەخت دەبێت و کاریگەریی گەورەی لەسەر تۆڕی کارەبا دەبێت، بەتایبەت تا 13ی ئەم مانگە کە ئاستی غاز زۆر کەم دەبێتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە و سەبارەت بە سووتەمەنی، لە ڕۆژی شەممەوە نرخی بەنزینی بازرگانی 50 دینار دادەبەزێت. هەرچەندە ئەمڕۆ پشکی بەنزینی بەنزینخانەکانی سلێمانی کەمکرابووەوە، بەڵام بڕیارە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دابەشکردنی پشکی بەنزینخانەکان ئاسایی ببێتەوە و بڕی پێویست دابین بکرێت.

477 جار خوێندراوەتەوە