بەغدا لە ڕێگەی پشکنینی (DNA)ـەوە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 18 کۆچبەری عێراقی لە لیبیا دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:17 - 01/10/2026
کوردستان
+
-

ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند؛ بەمەبەستی زانینی چارەنووسی 18 کۆچبەری عێراقی کە بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو خاکی لیبیاوە، هەماهەنگییەکی بەپەلەیان لەگەڵ مانگی سوور دەستپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش پشکنینی (DNA) بەکاردەهێنرێت

 

سەحاف لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "لە ئێستادا هەماهەنگییەکی بەپەلە لە نێوان مانگی سووری لیبیا و عێراقدا هەیە، لەگەڵ دابینکردنی پشکنینی (DNA) بۆ زانینی چارەنووسی ئەو 18 کۆچبەرە عێراقییەی پێشتر بە نایاسایی چوونەتە لیبیاوە." ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا و تەرابلوس لە هەماهەنگیدان

 

کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق باسی لەوەشکرد، لە پەیوەندیدان لەگەڵ کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان، هاوکات بۆ هەمان مەبەست هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەکرێت

 

ڕوونیشیکردەوە، باڵیۆزخانەی عێراق بەردەوام زانیاری دەگۆڕێتەوە لەسەر ژمارەیەکی دیکە لە کۆچبەران کە گومان دەکرێت بە مەبەستی کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا، چووبنە لیبیاوە یان بەو وڵاتەدا تێپەڕیبن. ئاشکراشیکرد کە پێشتر لە ڕێگەی لیژنەیەکی پزیشکیی تایبەتمەندەوە نموونەی پشکنینی (DNA) لە خێزانی بێسەروشوێنکراوەکان وەرگیراوە.

100 جار خوێندراوەتەوە