وێنە؛ رەوشی کۆچبەران لە سنوری نێوان بێلاروس و پۆڵەندا

KNN : Kurdish News Network
03:15 - 23/11/2021
جیهان

نزیکەی دوو هەزار کۆچبەری نایاسایی کە لەسەر سنوری بێلاروس و پۆڵەندا گیریان خواردوە لە رەوشێکی مرۆیی خراپدا دەژین.

نوێنەرانی رێکخراوە مرۆییە جیهانییەکان سەردانی ئەو کۆچبەرانە دەکەن کە رۆژبەرۆژ رەوشی ژیانیان سەختتر دەبێت.

هانس کلوگ، بەڕێوبەری ناوچەی ئەوروپای رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، سەردانی ئەو کۆچبەرانەی کرد و لە نزیکەوە رەوشی ژیانیانی بینی.

کلوگ گفتوگۆی لەگەڵ چەند کۆچبەرێکدا ئەنجامدا، ئەو کۆچبەرانە باسیان لەوە کرد کە نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و دەیانەوێت بچنە ئەورووپا.

لە لێدوانێکیشدا بۆ رۆژنامەوانان، گلوک باسی لەوە کرد کە پێویستە لە کامپەکانی مانەوەی کۆچبەراندا رێگری لە بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا بکرێت.

لای خۆشییەوە ڤیکتۆر لیسکۆڤیچ سیناتۆری ئەنجومەنی کۆماریی بێلاروس، وتى،" هیچ حاڵەتێکی توشبون بە کۆرۆنا لەناو کۆچبەرەکاندا تۆمار نەکراوە، چونکە زۆربەیان پێش هاتنیان بۆ بێلاروس خۆیان کوتاوە، ئەوانەشی کە خۆیان نەکوتاوە خاڵی تایبەت بە کوتانیان بۆ داندراوە".

لیسکۆڤیچ ئاماژەی بەوەش دا کە هۆکاری سەرەکی نەخۆشکەوتنی بەشێک لە کۆچبەران سەرمایە.

لاى خۆیەوە، دمیتری شێڤتسۆڤ سکرتێری گشتیی رێکخراوی خاچی سوری بێلاروس، ئەوەی ئاشکرا کرد کە تا ئێستا (53) هەزار تۆن خۆراکیان وەک هاوکاری بەسەر کۆچبەرەکاندا دابەش کردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە فەرمانڕەوای ناوچەی گرۆندۆ، ڤلادیمیر کارانیک باسی لەوە کرد کە یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی دابوو (700) هەزار یورۆ بداتە بێلاروس بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆچبەران، بەڵام تا ئێستا هیچ پارەیەکی نەناردووە.

339 جار خوێندراوەتەوە