کۆمیسیۆن: گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکاندا ھاتووە

KNN : Kurdish News Network
10:46 - 13/10/2021
عێراق
+
-

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "دوای ئەوەی دەنگەکان لە چەند وێشتگەیەک بەدەست جیاکراونەوە، گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامە بەراییەکان ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەراندا ھاتووە".

 

 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، کە دەنگەکان لە ھەشت ھەزار و (547) وێستگە بەدەست جیاکراونەتەوە، گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ھاتووە.
کۆمیسیۆن زانیاری زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.

 

هاوکات جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان کە لەئێستادا راگەیەندراوە، کۆتایی نییە و لە ماوەکانی داھاتوودا، دەنگەکان لە سێ ھەزار و 681 وێستگە لەبەردەم میدیاکاندا بەدەست جیادەکرێنەوە بۆ ئەوەی بخرێنە سەر ئەو ئەنجامانەی کە راگەیەندراون.

3096 جار خوێندراوەتەوە