زیاتر لە 61 هەزار کرێکاری ناوخۆیی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمارکراون

KNN : Kurdish News Network
02:36 - 03/10/2026
کوردستان
+
-

ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە 61 هەزار کرێکار لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمارکراون و 28 کرێکاریش بەهۆی ڕووداوەکانی کارکردنەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

هەڵشۆ فەتاح، سەرۆکی ڕێکخراوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ بەپێی ڕاپۆرتێکیان کە پشتی بە ئامارەکانی (ئابی 2025 تا تەممووزی 2026) بەستووە، 61 هەزار و 299 کرێکاری ناوخۆیی و هەزار و 812 کرێکاری بیانی لە سیستەمی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمارکراون. لەو ماوەیەشدا 28 کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترینيان (11 کرێکار) لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون، هەروەها 311 سکاڵاش لە دادگای کار تۆمارکراون.

 

ڕێکخراوەکە ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە ژمارەی تۆمارکراوان زۆر کەمترە لە ژمارەی ڕاستەقینەی کرێکاران لە کەرتی تایبەتدا. بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی یەکگرتوو بۆ تۆمارکردنی کرێکاران دروست بکات، مەرجەکانی سەلامەتیی پیشەیی توند بکاتەوە و پێشنیاری زیادکردنی شایستە داراییەکانی کرێکاران لە 350 هەزارەوە بۆ 450 هەزار دینار و دیاریکردنی 500 هەزار دینار وەک کەمترین مووچەی خانەنشینی جێبەجێ بکات.

107 جار خوێندراوەتەوە