کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان: دەرگاى تانەدان لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردن کرایەوە

KNN : Kurdish News Network
02:18 - 12/10/2021
عێراق
+
-

دەرگاى تانەدان لە ئەنجامى هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق  کرایەوە، کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانیش وردەکارى چۆنیەتى پێشکەشکردنى تانەکان و وەڵامدانەوەیان ئاشکرا دەکات.

جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى فەرمى عێراقى راگەیاند، لە ئەمرۆوە دەرگاى تانەدان لە ئەنجامى هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەى عێراق دەکرێتەوە و ماوەى سێ رۆژیش بۆ وەرگرتنى تانەکان دیاریکراوە.

راشیگەیاند، کاندید یاخود لایەنى سیاسى دەتوانێت لەماوەى سێ رۆژدا تانە لەئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنەکان بدات، تانەکانیش پێشکەشى ئۆفیسى سەرەکى کۆمسیۆن یاخود ئۆفیسى پارێزگاکان، یاخود بەشێوەى راستەوخۆ ئاراستەى دەستەى دادوەرى دەکرێن.

سەبارەت بە وەڵامدانەوەى تانەکانیش، وتەبێژەکەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق رونیکردەوە، ئەنجومەنى کۆمسیاران لەماوەى حەوت رۆژدا بەدواداچون بۆ تانەکان دەکات و وەڵامى دەستەى داوەرى هەڵبژاردن دەداتەوە، لەدواى ئەو ماوەیەش لە ماوەى (10) رۆژدا دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن وەڵامى سەرجەم تانەکان دەداتەوە.

431 جار خوێندراوەتەوە