لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق لەبارەى گۆڕانکارى لە نرخى دۆلاردا رونکردنەوە دەدات

KNN : Kurdish News Network
09:19 - 02/09/2021
ئابوری

لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق چارەنوسى نرخى دۆلارى لە پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى داهاتوودا یەکلایى کردەوە.

 

فەیسەڵ عیساوى، ئەندامى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە میدیاکانى عێراقى راگەیاندوە، پێداچونەوە بە نرخى فرۆشتنى دۆلار و گەڕانەوەى بۆ دۆخى پێشوو کارێکى مەحاڵە.

 

جەختى لەوەشکردەوە، ناکرێت نرخى دۆلار لە پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى (2022)  گۆڕانکارى تێدا بکرێت یاخود بگەڕێنرێتەوە بۆ نرخى پێشوى، چونکە حکومەت پلانى ئابورى لەسەر بنەماى نرخى ئێستاى دۆلار دادەڕێژێت.

 

ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، رونیشیکردەوە کە حکومەت قازانجى زۆرى لە نرخى نوێى دۆلار کردوە، چونکە بوتە هۆى کەمکردنەوەى قەبارەى کورتهێنان.

 

ئەوە لە کاتێکدایە  لە پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى (2021) ى عێراقدا نرخى یەک دۆلار بەرامبەر (1450) دینارى عێراقى جێگیرکراوە. 

5612 جار خوێندراوەتەوە