بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنە و
ڤیدیۆی کرێکارانی بیانیی خزمەتگوزاریی ماڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هۆشداریش
دەداتە سەرپێچیکاران کە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەبنەوە.
بەپێی
نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئامانج لەم بڕیارە ڕێگریکردنە لە بەکارهێنانی وێنە
و ڤیدیۆی کرێکاران بەبێ ڕەزامەندیی خۆیان بۆ مەبەستی ڕیکلام، ناوبانگپەیداکردن،
یان مامەڵەی بازرگانیی ئەلیکترۆنی، بە جۆرێک کە کەرامەت و تایبەتمەندییان پێشێل
نەکرێت و نەبنە کەرەستەی گاڵتەجاڕی یان بەرنامەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ڕاگەیەندراوەکە
جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی مافی کرێکار تەنها بە پێدانی کرێ و دابینکردنی
هەلی کار کۆتایی نایەت، بەڵکو پاراستنی شکۆ و تایبەتمەندیی کەسییان مافێکی
بنەڕەتییە. بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونیکردووەتەوە کە کرێکارانی بیانیش هەمان ئەو
مافە مرۆیی و کرێکارییانەیان هەیە کە بۆ هەموو کرێکارێکی دیکە ڕەچاو دەکرێت، و
جیاوازیی نەتەوە و زمان نابێتە هۆی پێشێلکردنی ئەو مافانە.
لە کۆتایی
بڕیارەکەدا هاتووە کە نابێت لە دەرەوەی گرێبەستی کار، کرێکار ناچار بە هیچ کار و
بابەتێکی دیکە بکرێت. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ گرتنەبەری
ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر بەو کەسانەی سەرپێچیی ئەم ڕێنماییانە دەکەن.
129 جار خوێندراوەتەوە