دواى دوو رۆژ، دانوستانى تاڵبیان و حکومەتى ئەفغانستان کۆتاییهات

KNN : Kurdish News Network
12:24 - 19/07/2021
جیهان
+
-

لە کۆتایی گفتوگۆکانیان لە وڵاتی قەتەر، هەردوو نێردراوی حکومەتی ئەفغانستان و بزوتنەوەى تاڵیبان، رێککەوتن لەسەر ئەوەی رێچکەی دانوستانەکان خێراتر بکرێت و رێکار بگرنە بەر بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان.

دوای دوو رۆژ لە دانوستان، نوێنەرانی هەردوو بەرەی حکومەتى ئەفغانستان و بزوتنەوەى تاڵیبان رایانگەیاند: لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە، گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر خێراکردنی دانوستانەکان.

گفتوگۆکانی نێوان هەردوو بەرە، لە دوو رۆژی رابردوودا و بە ناوەندگیری قەتەر کۆتاییهات و لە دەرئەنجامی گفتوگۆکانیش گەیشتن بەوەی بەپێی بنەما ئیسلامییەکان کار بکرێت لەپێناو بەرژەوەندی ئەفغانستان.

محەمەد نەعیم ناتق، وتەبیژی مەکتەبی سیاسی تاڵیبان و ئەندامی لیژنەی دانوستانەکان رایگەیاند: گفتوگۆکان هەلێکی باش بوون بۆ نزیکبوونەوە لە گۆشەنیگای بەرەی ئەفغانی.

وتیشی: گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان بەردەوامییان دەبێت.

تاڵیبیان و حکومەتى ئەفغانستان لە راگەیەنراوێکى هاوبەشدا رایانگەیاند: تا دەگەن بە رێککەوتن، پابەند دەبن بە بەرەوامی دانوستانەکانیان لە پلەیەکی باڵادا، هەروەها کار دەکەن لەسەر پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سەرانسەری ئەفغانستان.
لە کۆتاییدا هەردوو بەرە سوپاسی قەتەریان کرد کە هەمیشە هاوکار بووە بۆ گەیشتن و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئەفغانستان.

ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژى شەممە گەڕێکى دیکەى گفتوگۆ لە نێوان حکومەتى ئەفغانستان و بزوتنەوەى تاڵیبان لەقەتەر دەستیپێکردەوە، ئەوەش دواى ئەوەى چەکدارانى تاڵیبان بە سود وەرگرتن لە کشانەوەى هێزىکانى ئەمەریکا و ناتۆ بەشێکى زۆرى خاکى ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کرد.

1215 جار خوێندراوەتەوە