چارەنووسی جەنگ
و بژاردە سەربازییەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەکەوێتە بەردەم گۆڕانکارییەکانی
ناوخۆی واشنتن؛ دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دەدات کە ڕاگرتنی جەنگ لەلایەن
دیموکراتەکانەوە سەرکەوتن دەگۆڕێت بۆ شکست، دەشڵێت، ئامانجی ئەو رووخاندنی
دەسەڵاتی تاران نییە.
دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "نیویۆرک
پۆست" دانی بەوەدا نا کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا، لەگەڵ
دەستبەسەرداگرتنی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە، ڕەنگە بژاردە سەربازییەکانی
سنووردار ببنەوە.
ترەمپ ئاماژەی
بەوە کرد، تێچووی هەوڵە جەنگییەکان لەگەڵ ئێران تا مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو
دابین کراوە. سەبارەت بە ئامانجی جەنگەکەش ڕایگەیاند، ئامانجی ئیسرائیل بۆ
"کۆتاییهێنان بە ئێران" ئەگەری هەیە بەدی بێت، بەڵام ئەوە ئامانجی ئەو
نییە.
سەرۆکی ئەمریکا
دووپاتی کردەوە، تەنها نایەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هەرگیز لەگەڵ یان
دژی گۆڕینی ڕژێم نەبووە و ئەو بابەتە پێوەر نەبووە بۆی.
لە لایەکی
دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی بە کەناڵی "فۆکس نیوز"ـی ڕاگەیاند، چەندین
بژاردە لەبەردەم ترەمپدان بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن
ئێرانەوە، جەختیشی کردەوە کە پێگەی ئەمریکا بەهۆی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و
داڕمانی ئابووریی ئێرانەوە بەهێزە.
58 جار خوێندراوەتەوە